32 په‌رله‌مانتار داوای پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیسته‌مى مووچه‌ ده‌كه‌ن
145 هه‌زار ناوى دووباره‌ سڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌چى 24 ملیار دینار شایسته‌ى مووچه‌خۆران زیادی كردووه‌


له‌ یاداشتێكدا بۆ سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان، 32 ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان داواى پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیسته‌مى مووچه‌ و پێكهێنانى لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ن و داوا ده‌كه‌ن له‌ دانیشتنێكى په‌رله‌مان به‌ ئاماده‌بوونى لایه‌نى پێوه‌ندیدار له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌و پرسه‌ روون بكرێته‌وه‌. ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانیش ده‌ڵێ له‌گه‌ڵ كه‌مبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى مووچه‌خۆران، مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران زیادی كردووه‌.

32 ئه‌ندامی په‌رله‌مانى كوردستان داوای له‌ سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان، داوای دانیشتنێكی تایبه‌ت له‌سه‌ر پاكسازی له‌ سیسته‌مى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن.

ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستانیش ده‌ڵێ، ئه‌گه‌رچى ژماره‌ى مووچه‌خۆران كه‌می كردووه‌، به‌ڵام مووچه‌ زیادی كردووه‌.

 به‌هزاد ده‌روێش ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامى له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ "وشه‌" ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا، ئامانج له‌ داواكردنى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان له‌سه‌ر پرسی مووچه‌، ئه‌و گومانه‌ زۆره‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ژماره‌ى مووچه‌خۆران هه‌یه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو حكوومه‌ت ده‌ڵێ به‌گوێره‌ى سیسته‌مى بایۆمه‌تری 145 هه‌زار و 621 كه‌س ناوه‌كانیان له‌ لیستى مووچه‌خۆران سڕاوه‌ته‌وه‌، كه‌چى 24 ملیار و 500 ملیۆن دینار پاره‌ى مووچه‌خۆران زیادی كردووه‌.

به‌هزاد گوتى، "به‌راستى سیسته‌مى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان پێویستى به‌ چاكسازی هه‌یه‌، په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران هیچ زانیارییه‌كیان له‌سه‌ر بایۆمه‌تری و سیسته‌مى مووچه‌خۆران و ژماره‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان نییه‌، بۆیه‌ ده‌بێت لیژنه‌یه‌كى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ حكوومه‌ت، ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ و په‌رله‌مانى كوردستان پێك بهێنرێت بۆ ساغكردنه‌وه‌ و پاكسازی له‌ سیسته‌مى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان".

زیاتر گوتى "ده‌بێت به‌دواداچوونه‌كه‌ تا ئه‌و جێیه‌ بڕوات كه‌ به‌ دۆسیه‌ى دامه‌زراندنى هه‌موو فه‌رمانبه‌راندا بچینه‌وه‌ تا ژماره‌یه‌كى راسته‌قینه‌ ده‌رده‌چێت، ئه‌گه‌رچى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان خۆى ده‌ڵێت 145 هه‌زار و 621 مووچه‌خۆر ناوه‌كانیان سڕاوه‌ته‌وه‌، كه‌چى 24 ملیار و 500 ملیۆن دینار له‌ پاره‌ى خه‌رجكراو بۆ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران زیادی كردووه‌".

به‌هزاد ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو داوامان له‌ سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان كردووه‌ كه‌ دانیشتنى داهاتووى په‌رله‌مان ته‌رخان بكات له‌سه‌ر پاكسازی له‌ لیست و سیسته‌مى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان.


وشە - فه‌رمان سادق


PM:01:25:05/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌