گەشتی ژیانی سەودایی شاعیر

:: PM:06:46:05/12/2017 ‌
کوردستانی ڕەنگینمان سەرانسەری مەڵبەندی ئیلهام و چێژی بێ وێنەی عەشقی ڕاستەقینەی بێگەردە، لە باوەشی گەرم و نەرمونۆڵی پڕ لە سۆزی بەرزیدا، بە هەزاران ڕۆڵەی هەڵکەوتووی بە ئەمەكی لێهاتوو سەریان هەڵداوە. لەم مەڵبەندە هەمیشە بەهارەدا، گەلێ شاعیری گەورە و بلیمەت بوونەتە پەروانەی ئەوینی نەبڕاوە. نەمری هەردوو دیدە گەشەکانی گەلێکیان لە بۆتەی خۆشەویستیی ئەم نازدارە ڕەسەن و ڕاستەقینەدا، بەتەواوەتی جۆشیان خواردووە، لە جیهانی تایبەتی بێ ئاگاییدا بوونەتە پڕیشکێ لە کڵپەی ئەشقی ڕاست و دروست و بێگەرد.

سەودایی یەکێکە لەو شاعیرانەی، کە مەبەستی شەیدایی پاك و بێگەرد بەتەواوی دەپێکێت و خۆشبەختانە هۆنراوەی ڕەوان و جوانی بۆ کردووینەتە دیارییەکی خنجیلانە.

سەودایی ناوی تەواوی شێخ ئیسماعیلی دۆڵانە، لە ساڵی ١٨٤٢دا، لەدایک بووە، هەروەها لە ساڵی ١٩٢٧دا، کۆچی دوایی کردووە. ئەم شاعیرە کوڕی شێخ حەسەنی کەس نەزانە، کوڕی شێخ حەسەنی کەسنەزان، کە بە شای کەسنەزان بەناوبانگە. کوڕی شێخ عەبدولکەریمی خاوێ، کوڕی شێخ ئیسماعیلی ولیان، کە بە غەوسی دووەم بەناوبانگە و برای زانای گەورە شێخ حەسەنی گڵەزەردەیە، کوڕی شێخ محەمەدی نۆدی، کوڕی شێخ عەلی وەندرێتە بەرزنجەییە.

سەودایی شاعیر چەندان کچ و کوڕی لە دوای خۆی بەجێ هێشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا ماڵباتی شاعیر پشتاوپشت لەسەر تەریقەتی قادری هاتوونەتە خوارەوە، لە ڕێی تەکیە و خانەقاکانیانەوە، گەلێ ڕێنمایی خەڵکیان کردووە. بۆ خواپەرستی و ئاینی پیرۆزی ئیسلام، دوورکەوتنەوە لە هەموو کار و کردەوەیەکی ناپەسند. بەپێی خشتەی پشتاوپشتی ماڵباتی شێخانی دۆڵان، لە دوای شاعیر، بۆ دواجار ئەم ڕێباز و تەریقەتی قادرییە، بە شێخ فەتاحی کوڕی سپێراوە. 

ئەگەر ژیانی تەسەوفی سەودایی بەسەر بکەینەوە، ساڵی وا هەبووە سێ جار چلەی کێشاوە، دیارە چلە کێشانیش لە جێی چەپەک و کل و گۆشەگیریدا دەبێ، کە پێی گوتراوە خەڵوەتخانە، یان چلەخانە. شاعیر لە شوێنی ئاوهادا چلەی کێشاوە، ئێستەیش کەس ناتوانێ بەڕۆژی ڕوون کەس تێیدا هەڵبکا. لە سەرێکەوە لەبەر دووری و چۆڵەوانی، لە سەرێکی تریشەوە، چلەخانە. بەم چەشنە ئەم پیاوە دوورەپەرێزە لە جیهانی مادە و دنیا پەرستی، هەموو ساڵی چەند جارێ چل ڕۆژ، لەم شوێنانەی خوارەوەدا، بە دڵ و دەروونێکی خاوێن و دوور لە هەوا و فیزی ژیانی دنیا ویستی چلەی خۆی کێشاوە.

1-لای گوندی سەت و بیست.
2-دابلاخ، کە لە شاخی بەراناتا.
3-ئەشکەوتی دۆڵانە قووڵ، لە دۆڵان.

هەر کاتێک لە خەڵوەت دەرچووبێت، گەلێ لە ناوداران بۆ سەردان و دیدەنی چوون، لەوانە، شێخ مەحموودی نەمر، شێخ قادری برای، حاجی مستەفا پاشای یامولکی شێخ نەجیب قەرەداغی.

(سەودایی) شێخ ئیسماعیلی دۆڵان، یەک دیوان و یەک چوارینەی هەیە، ژ لاپەڕە (٣٢)ی دیوانەکەیدا دەڵێ:

جیلوەی جەلای جام جەمینت جـــــــەمەن
جامی جەم نە شەمـــــــع جەمینت کەمەن
تا شەعشەعەی شەمع پەروین تە سەرەن
جەلای ئـــــــــــــــــاینەمی ئەو زیاتەرەن*
_______________________________
* جیلوە: نواندن، دەرکەوتن. جەلا: ڕووناکی، ڕۆشنی (جام) ئاوێنە. جەمینت: ناوچەوانت، ڕوومەتت. جەمەن، جەمعەن: کۆبووەتەوە، تەواوە. جامی جەم: ئاوێنەی جەمشید جامی جەم، لە هۆنراوەی کلاسیک و ئەفسانەی دێرینەدا زۆرجار ناو براوە، گۆیا ئەو ئاوینەیە جیهانی نواندووە و لە کاتی شەڕیشدا هەڵسوکەوتی لە شکری دوژمنی تێدا بەدی کراوە... گەلێک باریش لە داهاتووی ڕۆژگاری ئەو سەردەمە ئاگەداربوون. شەعشەعە: ورشە و پرشە. پەروین: ئەستێرەی کۆ. تە رەسەن: لە بەرزیدایە. ئاینە: نەینۆک، ئاوێنە. زیاتەرەن: زیاترە.

سەرچاوە/ دیوانی سەودایی، عوسمان محەمەد ساڵح هەورامی، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، لە (دار الحریە)دا چاپکراوە، ساڵی چاپ و نۆرەی چاپی لەسەر نییە.



وشە - ژیڤان خۆرانی