گەشتنامەی ژیانی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس

:: PM:08:46:05/12/2017 ‌
زانای پایەبەرز مەلا عەبدولکەریم کوڕی محەمەدی کوڕی عەبدولفەتاحی کوڕی سلێمانی مستەفای کوڕی محەمەدە، ناسراو بە مودەڕیس (بە مەلا کەریمی بیارەیش ناسراوە) لە ھۆزی قازیی سەر بە عێلی جافە، ساڵی (١٩٠٣) لە گوندی دەرەشیش سەر بە هەڵبجە هاتووەتە دنیاوە. لە منداڵییەوە لای باوکی دەستی بە خوێندنی قورئان کردووە، دوای تەواوکردن و خوێندنی چەند کتێبێکی سەرەتایی، لە ساڵی ١٩١١ دەستی بە خوێندنی (تسریفی زەنجانی) کردووە. لە ساڵی ١٩١٣دا، دەستی بە خوێندنی (جامی) کردووە. 

لەو کاتەی شەڕی یەکەمی جیهانی دەستی پێ کردووە چووتە مزگەوتی مەڵکەندی لە شاری سلێمانی، دواتر چووەتە مزگەوتی محەمەدی مەلا ئەمین، لە گەڕەکی سەرشەقام، ماوە لەوێ تا کتێبی (سیوتی) تەواو کردووە. پاشان گرانی و نەبوونی کاری کردە سەر خەڵک، بەتایبەت فەقێ ناڕحەت بوون. مامۆستا سلێمانی بەجێهێشت و چووە (درورود)، لەوێ شێخ عەلائەدینی شێخ عومەر چاودێری کرد، لەبارەی خوێندن و ژیان تا شارەزا بوو لە شەریعەت، ئاداب، نەحو، مەنتیق، فەلەکیات.

لە ساڵی ١٩١٥دا، لەگەڵ شێخ چووە بیارە و لەوێ لای مەلا محەمەد سەعید عوبێدی دەستی بە (بورهانی گەلەنبەوی) کرد. دوایی لە گوندی (باللک) لای مەلا مەحموود فەرانیزی شێخ مەعڕوف شەڕحی عەقائیدی نەسەفی خوێند، پاشان لەسەر فەرموودەی شێخ گەڕاوە بیارە، لە لای مەلا ئەحمەدی ڕەش دەستی بە عەقیدەی مەرزیە و نتول. لە ساڵی ١٩١٧دا، لەگەڵ مەلا ئەحمەد چووە خانەقای مەولانا لە شاری سلێمانی، دوایی مەلا ئەحمەد بووە مەلای گەڵاڵە، مامۆستا عەبدولکەریم لە خانەقا ماوە.

 ئەوجا لە سایەی دایکیدا بەخێو کراوە و خراوەتە خوێندن و لە حوجرەدا خوێندوویەتی. بەڵام زۆری نەخایاند دایکیشی مرد و بەو شێوە باری ژیانی سەختتر و ناھەمواتر بوو، بەڵام خزمانی بردیانە لای خۆیان و ھاوکارییان کرد و بەو شێوە توانیی پەرە بە خوێندنەکەی بدات. ئەوجا بۆ تەواوکردنی خوێندن چەند شوێن و گوندێکی کوردستان (تایبەت لە سنووری مەریوان و ھەورامان) گەڕاوە، پاشان بە ھەمان مەبەست ھاتووەتە سلێمانی (لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیھانیدا)، لەوێشەوە بە ھۆی گرانی و قاتی و قڕییەوە چووەتە خانەقای دووڕۆ لای شێخ عەلائەدینی بیارە.

پاش ئەو سەردەمەیش لە گوندی عەبابەیلێ و گوندی باڵەک (لە مەریوان) و بیارە خوێندوویەتی. دیسان ھەر بۆ خوێندن گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و لە خانەقای مەولانا خالیدی نەقشبەندی لەسەر دەستی زانای لێھاتوو شێخ عومەردا (ناسراو بە ابن القرداغی) پەرەی بە خوێندنەکەی داوە و ساڵی ١٩٢٥ ئیجازەی مەلایەتیی وەرگرتووە. 

پاشان لە مزگەوتی گوندی نەرگسەجاڕدا بووەتە مامۆستا و پێشنوێژ، ئەوجا ساڵی ١٩٢٩ لەسەر داوای شێخ عەلائەدینی بیارە بووەتە وتارخوێنی خانەقای بیارە و مامۆستای قوتابخانە بەناوبانگەکەی و تا ساڵی ١٩٥١ بەو شێوە خزمەتێکی مەزنی کردووە. لەو ساڵە بەدواوە ھاتووەتەوە سلێمانی و تا ساڵی ١٩٥٥ بە دەرس گوتنەوە خەریک بووە، پاشانیش بە ھەمان ئەرک لە تەکیەی تاڵەبانیی/ کەرکووکدا تا ساڵی ١٩٦٠ خزمەتی کردووە، لەو ساڵە بەدواوە چووەتە بەغدا و لە مزگەوت و قوتابخانەکەی شێخ عەبدولقادری گەیلانیدا دامەزراوە و جێگیر بووە. تا دوا ساڵی تەمەنی لەو شوێنە پیرۆزەدا ٢٩ی ٨ی ٢٠٠٥ خزمەتێکی بێ وێنەی لە بواری ئایینی و فیکری و ئەدەبیدا بە گەل و نەتەوەکەی کردووە. 

بەدرێژایی ئەو ساڵانەی مامۆستا لە بیارە و سلێمانی و کەرکووک و بەغدا بووە، چ لە بواری دەرس گوتنەوەدا یان نووسین و لێکۆڵینەوە و فەتوا داندا، کەس بەقەد ئەو خزمەتی بەم وڵاتە نەکردووە. بە کورتی مامۆستا مەلا عەبدولکەریم ئەستێرەیەکی گەشی دونیای زانست و تەسەووف و فیقە و شەریعەتە لە کوردستان و عێراق و تێکڕا جیھانی ئیسلامیدا، ھەروەھا نووسەر و لێکۆڵەر و پسپۆڕێکی بلیمەتە لە بواری ئەدەب و شیعر و زمانی کوردیدا. کۆی کتێبە چاپکراوەکانی مامۆستا بە کوردی و عەرەبی و فارسی (لە بوارە جیاجیاکانی ئایین و فیقە و تەسەووف و عەقیدە و زمانی عەرەبی و مێژوو و ساغکردنەوە و لێکدانەوەی چەندان دیوانی شیعری کوردیدا) پتر لە ٦٠ کتێبە، ژمارەی دەستنووسەکانیشی، کە چاپ نەکراون ١٥ کتێبە. کۆی لاپەڕەی کتێبە چاپکراوەکانی مامۆستا مەلا عەبدولکەریم ١٥ ھەزار لاپەڕەیە، بەو جۆرە بە یەکەمین نووسەری کورد لە بواری بەرھەمھێناندا دەژمێردرێت.

سەرچاوە/ مێژووی زانایانی کورد، مەلا تاهیر مەلا عەبدوڵا بەحرکەیی، بەرگی دووەم، یەکەم چاپی ساڵی ٢٠١٠.



وشە - ژیڤان خۆرانی