بایرن میونشن تۆڵەی خۆی لە پاریس سان جێرمان كردەوە

:: AM:09:09:06/12/2017 ‌

شەوی رابردوو یانەی بایرن میووشنی ئەڵمانی لە دوایین یاریی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا 3 گۆڵی لە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی تۆمار كرد و تۆڵەی شكستی یاریی رابردووی لێ كردەوە.

شەوی رابردوو لە چوارچێوەی دوایین یارییەكانی كۆمەڵەی دووەمی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، یانەی بایرن میونشن لەنێو یاریگەی ئەلیانز ئەرینا مێوانداری یانەی پاریس سان جێرمانی كرد و و یارییەكەشی بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لێ بردەوە.

یانەی بایرن میونشن پێشتر لە گەڕی دووەمی خولەكەدا لەدەرەوەی یاریگەی خۆی بە 3 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمان دۆڕا بوو، بەمەش لە یارییەكەی شەوی رابردوودا تۆڵەی شكستەكەی كردەوە و بەهەمانشێوە 3 گۆڵی لە تیپی بەرامبەر تۆمار كردەوە.

گۆڵەكانی یانەی بایرن میونشن لەلایەن رۆبەرت لیڤاندۆفیسكی لە خولەكی 8 و كۆرنتین تۆلیسۆ 2 گۆڵ لە خولەكانی 37 و 69 تۆمار كران، تاكە گۆڵەكەی یانەی پاریس سان جێرمانیش لەلایەن كیلیان مباپێی هێرشبەری لاوی فڕەنسی لە خولەكی 50ی گێمی دووەمدا هاتە تۆماركردن.

لە یارییەكی تری هەمان كۆمەڵەدا یانەی ئەندەرلەختی بەلجیكی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێكی بێ وەڵام لە یانەی سێلتیكی سكۆتلەندی بردەوە.

بەمەش لەم كۆمەڵەیەدا هەردوو یانەی پاریس سان جێرمان و بایرن میونشن بە كۆكردنەوەی 15 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ بەیەكەم و دووەم گەیشتنە قۆناغی 16ی ئەم وەرزەی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، یانەی سێلتیكیش بە 3 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ لەگەڵ یانەی ئەندەرلەخت، خۆی گەیاندە ركابەری یانەكانی خولی ئەوروپا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م