مانچستەر یونایتد پێنجەمین سەركەوتنی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا تۆمار كرد
یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بەسەركردایەتی راهێنەری ناوداری پورتوگالی جۆزێ مۆرینۆ، پێنجەمین سەركەوتنی لە ركابەرییەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا تۆمار كرد و بەیەكەمی كۆمەڵەی یەكەم گەیشتە قۆناغی 16ی پاڵەوانیەتییەكە.
شەوی رابردوو یانەی مانچستەر یونایتد لە دوا یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی ئۆڵد ترافۆرد بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە یانەی سیسكا مۆسكۆی رووسی بردەوە.
گۆڵی یەكەمی یارییەكە بەر لە تەواوبوونی گێمی یەكەم لەلایەن ڤیتینیۆی هێرشبەری لاوی بەڕازیلی و یانەی سیسكا مۆسكۆ هاتە تۆماركردن.
لە گێمی دووەمیشدا یانەی مانچستەر یونایتد لە ماوەی 2 خولەكدا توانی گۆڵی یەكسانبوون و سەركەوتنیش تۆمار بكاتەوە لە رێگەی یاریزانان رۆمیلۆ لۆكاكۆ لە خولەكی 64 و ماركۆس راشفۆرد لە خولەكی 66.
یانەی مانچستەر یونایتد لەم وەرزەدا لە خولی نایابی ئینگلیزیش بە ئاستێكی جیاواز دەركەوتووە و لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لە كۆی 6 یاری پێنج سەركەوتنی بەدەستهێنابوو و تەنیا لە یەك یاریدا بەرامبەر یانەی بازلی سویسڕایی بە گۆڵێكی بێ وەڵام دۆڕا بوو.
لە یارییەكی تری كۆمەڵەی یەكەمدا یانەی بازل لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لەیانەی بەنفیكای پورتوگالی بردەوە.
بەمەش یانەی مانچستەر یونایتد بە كۆكردنەوەی 15 خاڵ بەیەكەمی كۆمەڵەی یەكەم خۆی گەیاندە ركابەرییەكانی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، یانەی بازلیش بە 12 خاڵ و بە دووەمی كۆمەڵەكە درێژەی بە ركابەرییەكان دا، یانەی سیسكا مۆسكۆش بە 9 خاڵ خۆی گەیاندە ریزی یانەكانی خولی ئەوروپا.
وشە -
ئامانج ئهكرهم