ئەتلەتیكۆ مەدرید ماڵئاوایی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كرد

:: AM:09:35:06/12/2017 ‌

لە كۆمەڵەی سێیەمی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا هەردوو یانەی چێڵسی ئینگلیزی و رۆمای ئیتاڵی گەیشتنە قۆناغی 16 و یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانیش ماڵئاوایی لە پاڵەوانیەتییەكە كرد.

شەوی رابردوو لە دوایین یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی ستامفۆرد بریچ هەردوو یانەی چێڵسی و ئەتلەتیكۆ مەدرید بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ یەكسان بوون.

هەردوو گۆڵەكەش لە گێمی دووەمی یارییەكەدا تۆمار كرا، سەرەتا ساووڵ نیگێزی ئەستێرەی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بە لێدانێكی سەر لە خولەكی 56 گۆڵێكی تۆمار كرد، دواتر ستیڤان ساڤیچی بەرگریكاری یانەكە لە خولەكی 75 بەهەڵە گۆڵێكی لە تیپەكەیان تۆمار كردەوە.

لە یارییەكی تری هەمان كۆمەڵەدا یانەی رۆما لە یاریگەی پایەتەختی ئیتاڵیا بە گۆڵێكی بێ وەڵام لە یانەی كاراباگ ئاگدامی ئازەربایجانی بردەوە، گۆڵەكەش لە گێمی دووەمدا لە خولەكی 53 لەلایەن هێرشبەری لاوی ئەرجەنتینی دییگۆ پیرۆتی تۆمار كرا.

بەمەش یانەی رۆما كۆی خاڵەكانی كردە 11 و بەیەكەمی كۆمەڵەی سێیەم سەركەوت بۆ قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، یانەی چێڵسیش بەهەمان رێژەی خاڵ بەڵام بەجیاوازی گۆڵ بە دووەمی كۆمەڵەكە گەیشتە هەمان قۆناغ، یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدش بە 7 خاڵ ماڵئاوایی لە پاڵەوانیەتییەكە كرد و چووە ریزی یانەكانی خولی ئەوروپا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م