دواى نزیكه‌ى دوو مانگ به‌سه‌ر 16ى ئۆكتۆبه‌ر، میلیشیا توركمانه شیعه‌كانى خورماتوو به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ته‌قاندنه‌وه‌ی خانووی ماڵه كورده‌كان و تێكدانى دیمۆگرافیاى شاره‌كه. قایمقامی شارۆكه‌كه ده‌ڵێ ئه‌وه‌ى له خورماتوو روو ده‌دات جینۆسایده دژى كورد. ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین به روونی ده‌ڵێ "ئه‌وه‌ى روو ده‌دات، به شیعهكردنى ناوچه‌كه‌یه".
داگیركردنى خورماتوو و ناوچه‌كانى تری كوردستان له‌لایه‌ن سوپا و میلیشیا شیعه‌كانى عێراق، 50 رۆژ تێپه‌ڕ ده‌كات و پێشێلكارییه‌كانیش به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكى ناوچه‌كه به‌رده‌وامى هه‌یه، به‌رپرسانى ئیداره‌ى خورماتوو تاوانه‌كانى میلیشیاكان به دیكۆمێنت ده‌كه‌ن، به‌ڵام به شیعهكردنى ناوچه‌كان به‌رده‌وامى هه‌یه و لیژنه‌كانیش هێشتا ده‌ستبه‌كار نه‌بوونه.
تاوانكاریى میلیشیاكان به دیكۆمێنت ده‌كرێت
به‌رپرسانى خورماتوو ئاشكرای ده‌كه‌ن كه توانراوه تاوانه‌كانى میلیشیا توركمانه شیعه‌كان به دیكۆمێنت بكرێ و چاپ بكرێت.
مه‌لا حه‌سه‌ن ئه‌ندامی كورد له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ژماره‌كان ده‌خاته ڕوو كه به‌گوێره‌ى به‌دواداچوونه‌كه، سێ هه‌زار و 500 خانوو، دووكان، باڵه‌خانه، كۆگه و ماركێت، دواى تاڵانكردنیان سووتێنراون. 62 خانوو ته‌قێنراونه‌ته‌وه و ته‌قاندنه‌وه‌ى خانووى ماڵه كورده‌كانیش به‌رده‌وامی هه‌یه، 32 مۆلیده‌ى كاره‌باى ئه‌هلى دزراون، 156 ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت و بارهه‌ڵگر دزراون، پێنج كه‌ناڵى میدیایی لۆكاڵى تاڵان كراون و باره‌گاى هه‌موو حزبه سیاسییه‌كان و دامه‌زراوه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سووتێنراون.
زیاتر گوتى "هه‌موو تاوانه‌كان بهچوارچێوهى كوڕاسهیهكدا چاپ كراون و دراوه به حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان، كونسوڵگه و باڵوێزخانه‌كان، هیومان رایت وۆچ، ئه‌منستى ئینته‌رناشناڵ و په‌رله‌مانتاره كورده‌كان، به‌ڵام حكوومه‌تى عێراق هیچ هه‌نگاوێكى هه‌ڵنه‌گرتووه".
لای خۆیه‌وه شه‌لال عه‌بدول قایمقامی خورماتوو بۆ "وشه" دووپاتی ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ى دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ر روو ده‌دات به هه‌موو پێوه‌رێك جینۆسایده دژى كورد، له‌مه‌شدا میلیشیاى توركمانى شیعه به‌رپرسیارن و ده‌بێت رووبه‌ڕووى یاسا بكرێنه‌وه. هه‌موو تاوانه‌كان به دیكۆمێنت كراون و دراونه‌ته لایه‌نى پێوه‌ندیدار".
دۆخى ته‌ناهیی شارۆكه‌كه و پرۆسه‌ى ته‌عریب
مه‌لا حه‌سه‌ن بۆ "وشه" ئاماژه به دۆخى خورماتوو ده‌كات كه حكوومه‌تى عێراق له رێى هێزی سوات هه‌وڵی دا ئارامى بگه‌ڕێنێته‌وه، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون.
ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو "ئه‌وه‌ى ئێسته روو ده‌دات هه‌ڵمه‌تى دووباره زیندووكردنه‌وه‌ى ته‌عریب و به شیعهكردنى ناوچه‌كه‌یه، كاتى خۆی ملیۆنێك و 200 هه‌زار دۆنم زه‌ویى جووتیارانى كورد داگیر كرا، هه‌وڵ درا بۆ خاوه‌نه‌كانیان بێنه گه‌ڕاندنه‌وه، به‌شێكى لێ گه‌ڕایه‌وه، به‌ڵام ئێسته ئه‌و زه‌وییه كشتوكاڵییانهش جارێكى تر ته‌عریب كراونه‌ته‌وه".
"بڕیاره‌كانى سه‌رۆك مام جه‌لال له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى داد جێبه‌جێ نه‌كران و بڕیاره‌كانى سه‌رده‌مى به‌عسیش كه ناوچه‌كه‌ى پێ ته‌عریب كرابوو هه‌ڵنه‌وه‌شانه‌وه، ئێسته ئه‌وانه وا ده‌زانن سه‌دام حوسێن زیندوو بووه‌ته‌وه و ده‌ستیان داوه‌ته هه‌ڵمه‌تى ته‌عریبكردنى خورماتوو" مه‌لا حه‌سه‌ن وای گوت.
ئاواره‌كان
به‌هۆى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر، به‌پێى ئه‌و به‌دواداچوونه‌ى ئیداره‌ى خورماتوو كه به دیكۆمێنتیان كردووه، له نێوان هه‌شت تا 10 هه‌زار خێزان كه ده‌كاته زیاتر له 60 هه‌زار كه‌س، ئاواره بوونه.
مه‌لا حه‌سه‌ن ئاشكرای كرد كه دواى سه‌ردانى فوئاد مه‌عسووم سه‌رۆك كۆماری عێراق بۆ سلێمانى، به‌رپرسانى ئیداری و حزبی خورماتوو له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار دانیشتوون و دۆخى شارۆكه‌كه‌یان روون كردووه‌ته‌وه و یاداشتێكى پێنج خاڵییان به سه‌رۆك كۆمار داوه، یه‌كێك له داواكارییه‌كان ئه‌وه‌بوو كه ئاواره‌كانی خورماتوو له وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌ران تۆمار بكرێن و مافه‌كانیان نه‌فه‌وتێت. گوتى "به‌ڵام هێشتا وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌ران هیچ هه‌نگاوێكى هه‌ڵنه‌گرتووه".
به‌ڵام شه‌لال عه‌بدول ده‌ڵێ، وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌ران له هه‌موو لایه‌ك زیاتر خزمه‌تى ئاواره‌كانى كردووه و هه‌وڵى دابینكردنى پێداویستییه‌كانى داوه و به‌رده‌وامیشه.
چاره‌نووسی فه‌رمانبه‌ران و خوێندكاران
به‌هۆى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر، زیاتر له هه‌زار مامۆستا و فه‌رمانبه‌ری خورماتوو ده‌وامیان جێ هێشتووه و زیاتر له شه‌ش هه‌زار قوتابی و خوێندكاریش له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان ئاواره بوونه. مه‌لا حه‌سه‌ن دڵنیایی ده‌دات كه له‌گه‌ڵ پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین رێككه‌وتووین كه مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایانى خورماتوو نه‌بڕێت و چاوپۆشی له دۆخه‌كه‌یان بكرێت.
بۆ قوتابی و خوێندكاره‌كانیش، ئه‌وانه‌ى خوێندنیان به زمانى كوردییه كه زۆرینه‌ن له‌و شه‌ش هه‌زار قوتابییه، تونراوه چاره‌سه‌ریان بۆ بكرێت و له خوێندنگه و قوتابخانه كوردییه‌كان ده‌خوێنن، به‌ڵام زیاتر له هه‌زار قوتابی هه‌ن كه خوێندنیان به زمانى عه‌ره‌بییه، له رێى نوێنه‌رانى كورد له په‌رله‌مانى عێراق هه‌وڵ هه‌یه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراق ئه‌و قوتابییانه له خوێندنگه‌ى ئه‌و كه‌مپانه بخوێنن كه له سنووری ئیداره‌ى گه‌رمیان بۆ ئاواره‌كان كرابوونه‌وه و بتوانن سوودیان لێ وه‌ربگیرێت و له خوێندن دانه‌بڕێن.
هه‌ڵمه‌تى گرتن و ریفراندۆم
رۆژانه لیست بڵاو ده‌كرێنه‌وه و بڕیاری گرتنیان ده‌درێ، له نوێترین لیستى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسی سه‌ڵاحه‌دین، بڕیاری گرتنى 29 ئه‌فسه‌ر و پۆلیسی كورد ده‌درێ كه ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان داوه، پێشتریش 15 پۆلیسی تر گیرابوون و به ده‌سته‌به‌ری ئازاد كران.
شه‌لال عه‌بدول ده‌ڵێ، هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن تا به ده‌سته‌به‌ری "كه‌فاله‌ت" ئازاد بكرێن، به‌ڵام لێره‌دا كێشه‌كه كۆتای نایه‌ت، به‌ڵكو ده‌بێت ته‌واوى ئه‌و بڕیارانه هه‌ڵوه‌شێنه‌وه كه دژى ئه‌وانه ده‌رچوون كه ده‌نگیان به ریفراندۆم داوه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كرێت، ئه‌وا ده‌بێت ته‌واوى خه‌ڵكى خورماتوو بێنه گرتن. خه‌ڵكى سڤیلیش گیراون، به‌ڵام به ده‌سته‌به‌ری ئازاد كراون.