یه‌كه‌م ڤیدیۆی ساتی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ ده‌ربه‌ندیخان


سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م سه‌عات هه‌شت و 53 خوله‌ك، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌ڤه‌ری ده‌ربه‌ندیخانی هه‌ژاند و په‌یجێكی شاری ده‌ربه‌ندیخان له‌ فه‌یسبووك، یه‌كه‌م گرته‌ ڤیدیۆی ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

وه‌ك له‌ ڤیدیۆكه‌دا دیاره‌، لە بنکەی تەندروستیی ئازادی له‌ شارۆكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان، به‌ ته‌واوی هه‌ست به‌ بوومه‌له‌رزه‌كه‌ كراوه‌ و شڵه‌ژانی هاووڵاتیانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌.



بوومه‌له‌رزه‌كه‌ له‌ یه‌كه‌م سه‌نته‌ریدا كه‌ 18 كیلۆ مه‌تر له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ دوور بووه‌، به‌ پله‌ی 4.9 ڕێخته‌ر بووه‌، ئه‌م پله‌یه‌ش به‌پێی پێشبینییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و ئه‌زموونی داویین بوومه‌له‌رزه‌كان، زیانی زۆری لێ ناكه‌وێته‌وه‌.

هه‌ر به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست "وشه‌" كه‌وتوون، بوومه‌له‌رزه‌كه‌ به‌ قووڵاتیی 10 كیلۆمه‌تر بووه‌.

له‌ مانگی ڕابردووه‌وه‌، زنجیره‌یه‌ك بوومه‌له‌رزه‌ كوردستانی گرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌تا به‌ بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز ده‌ستی پێ كرد له‌ 12ی تشرینی دووه‌م هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانی هه‌ژاند و له‌رینه‌كه‌ی تا ده‌ریای كه‌نداو و ده‌ریای ناوه‌ڕاست ڕۆیشت چونكه‌ به‌ 7.6 پله‌ی ڕێخته‌ر بوو كه‌ تا ئێسته‌ له‌و ناوچه‌یه‌ پله‌ی وا تۆمار نه‌كراوه‌، سه‌نته‌ره‌كه‌شی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و كرماشان بوو و زیانێكی زۆری گیان و مادی لێ كه‌وته‌وه‌. 


وشە - كوردۆ شابان


PM:01:43:06/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 2482 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌