هەولێر: منداڵێك لەلایەن دایكییەوە دوو مانگە خۆراكی پێ نەدراوە

:: PM:02:32:06/12/2017 ‌
وەزیرێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە یەكێك لە نەخۆشخانەكان سەردانی منداڵێكی تەمەن نۆ ساڵم كردووە كە لەلایەن دایكییەوە دوو مانگە خۆراكی پێ نەدراوە و سزا دراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم شەشی كانوونی یەكەم، محەمەد هاودیانی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، سەردانی نەخۆشخانەی ڕاپەرینی كردووە لە هەولێر بۆ بینینی ئەو منداڵە و‌ زۆر نامرۆڤانە مامەڵە لەگەڵ یوسفی نۆ ساڵ ئەنجام دراوە.

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێت، دوای پشكنینی تەندروستی، دەركەوتووە كە ماوەی دوو مانگە خۆراكی پێ نەدراوە و ئەوەش وای كردووە كێشی ئەو منداڵە بۆ تەنیا 10 كیلۆ دابەزیوە.

هاودیانی ئاشكرای دەكات كە ئەو منداڵە لە جووڵە و رۆیشتن كەوتووە، بۆیە بڕیاریان داوە بەزووترین كات خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشكەش بكرێت و دواتریش بگوازرێتەوە بۆ خانەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ڕووداوی ئەشكەنجەدانی منداڵ لە ڕابردوو چەند حاڵەتێك هەبوو، لەلایەن دەزگە تەناهییەكان و لایەنی پێوەندیدار كۆنتڕۆڵ كراوە و بكەرانی ڕووداوەكان دراونەتە دادگا.



وشە - رامیار جەواد