دژی بڕیارێك لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای سلێمانی، خاوەن مۆلیدەكانی سلێمانی نیگەران دەكات و بڕیاریان دا كار بە مۆلیدەكانیان نەكەن و كارەبا بە هاووڵاتییان نەدەن.
ئەمڕۆ چوارشەم شەشی كانوونی یەكەم، بەهۆی دیاریكردنی كرێ و پارەی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەكان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای سلێمانی بۆ مانگی تشرینی دووەمی 2017، خاوەنی مۆلیدە ئەهلییەكان دوێنێ گردبوونەوەیەكی ناڕەزایییان ئەنجام دا و چوونە بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای سلێمانی، ڕایان گەیاند كە ئەو بڕیارەی دراوە جێبەجێی ناكەن و بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە 24 سەعات دەدەنە لایەنی پێوەندیدار.
هێمن حەسەن خاوەنی مۆلیدە لە سلێمانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای بەدەمەوە نەهاتنی لایەنی پێوەندیدار بە داواكانمان، نیگەرانی و مانگرتنی خاوەنی مۆلیدە ئەهلییەكانی لێ كەوتەوە و بڕیارمان دا لەمڕۆ چوارشەمەوە كار بەمۆلیدەكان نەكەین.
تاریق سەمین سەرۆكی كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی ڕای گەیاند، لە بەرانبەر جێبەجێ نەكردنی داواكاریی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكان، بڕیارمان دا بەكوژاندنەوەی سەرجەم مۆلیدەكانمان و كارەباش نادەین بەهاووڵاتییان.
ئەو خاوەن مۆلیدەیەی سلێمانی گوتی، دیاریكردنی بڕی حەوت هەزار و 500 دینار بۆ هەر ئەمپێرێك كارەبا خۆی زیانگەیاندنە بە ئێمە، چونكە ئێمە زیان دەكەین نەك قازانج، بۆ هەر سەعاتێك كارەبا بڕی 45 دینار تێچوومان هەیە، كەچی كارەبایان لەسەر بە 42 دینار بۆ هەر سەعاتێك بۆ دیاری كردووین.
كێشەی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لەكاتێكدایە ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی تەنگژەی دارایی ناتوانێت كارەبای پێویست بۆ هاووڵاتییان دیاری بكات.