میره‌ گه‌نده‌ڵه‌كانى سعوودیه‌ ئاماده‌ن دۆسیه‌كانیان به‌ پاره‌ دابخه‌ن


دواى مانگێك به‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربوونى لیژنه‌ى باڵاى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌ عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌، تا ئێسته‌ زیاتر له‌ 320 میر، وه‌زیر و كه‌سایه‌تى له‌ هوتێلێكى پێنج ئه‌ستێره‌یی ده‌ستبه‌سه‌رن. جێگری داواكاری گشتى ده‌ڵێ نیوه‌ی گیراوان ئاماده‌ن پاره‌ بده‌ن بۆ داخستنى دۆسیه‌كانیان.

سعوود موعجیب جێگری داواكاری گشتى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ ئاشكرای ده‌كات كه‌ زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ى به‌ تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵى گیراون، ئاماده‌یییان نیشان داوه‌ دۆسیه‌كانیان به‌ پاره‌ دابخه‌ن.

لیژنه‌ى باڵاى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی كه‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ سه‌رپه‌رشتى ده‌كات، تا ئێسته‌ 320 میر، وه‌زیر و كه‌سایه‌تى به‌ تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵی گرتووه‌ و 376 ئه‌ژماری بانكیش راگیراون، له‌ ماوه‌ى رابردووشدا وه‌زیری پاسه‌وانی كۆشكى پادشایه‌تى سعوودیه‌ دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى به‌ ملیارێك دۆلار داخست و له‌ به‌رانبه‌ردا ئازاد كرا و دۆسیه‌كه‌شى داخرا.

له‌و 320 میر، وه‌زیر و كه‌سایه‌تییه‌ سعوودیه‌، دۆسیه‌ى 159 كه‌سیان ره‌وانه‌ى داواكاری گشتى كراوه‌، زۆرینه‌یان ئاماده‌یییان نیشان داوه‌ كه‌ به‌رانبه‌ر دانى پاره‌ و ئازادكردنیان، دۆسیه‌كانیان دابخه‌ن.

سعوود موعجیب ئاشكراى ده‌كات، زۆرینه‌ى راگیراوه‌كان ره‌زامه‌ندییان نیشان داوه‌ بۆ داخستنى دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كانیان، به‌رانبه‌ر ئازادكردنیان پاره‌ به‌ حكوومه‌ت بده‌ن.

جێگری داواكاری گشتیى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو كه‌ تا ئێسته‌ 320 كه‌سایه‌تى له‌لایه‌ن محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینى ته‌ختى پادشایه‌تى سعوودیه‌ و سه‌رۆكى لیژنه‌ى باڵاى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی، لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌سه‌ریان هه‌بووه‌، له‌و ژماره‌یه‌شدا 159یان دۆسیه‌كانیان ره‌وانه‌ى داواكاری گشتى كراوه‌. 

گوتى "زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌ى باڵا لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌، ئاماده‌یییان نیشان داوه‌ به‌رانبه‌ر پێدانى پاره‌ به‌ حكوومه‌ت دۆسیه‌كانیان دابخرێت".

جێگری داواكاری گشتى سعوودیه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، به‌گوێره‌ى رێوشوێنه‌ پێوه‌نداره‌كان تاوتوێى دۆسیه‌كانیان كراوه‌ و بڕیار دراوه‌ به‌شێكى كه‌م له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ى به‌ تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى گیراون، بهێڵرێنه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ى تریش به‌رانبه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بڕێك پاره‌ به‌پێى رێككه‌وتنى نێوانیان، ئازاد ده‌كرێن.

میر وەلید بن طەلال لە هۆتێل ڕیتز کارلتۆن

  موعجیب ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو كه‌ لیژنه‌ى پێوه‌ندار به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ى تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵییان دراوه‌ته‌ پاڵ، بڕیاری داوه‌ كه‌ رێڕه‌وى كاری لیژنه‌كه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌ن پڕۆژه‌كان كاریگه‌ری نه‌كاته‌ سه‌ر سێكته‌ر و چالاكییه‌ دارایییه‌كانی گیراوه‌كان و مافی كه‌سانى پێوه‌ندار به‌و چالاكییه‌ دارایییانه‌ پارێزراو بێت، به‌ تایبه‌ت كۆمپانیا و دامه‌زراوه‌كان. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش رێكار و رێوشوێنى گونجاو بۆ پاراستنى دامه‌زراوه‌كان، كۆمپانیا و ماڵوموڵكیان گیراوه‌ته‌ به‌ر، له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانى كۆمپانیا و دامه‌زراوه‌كانیش قسه‌ كراوه‌ كه‌ به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر كار و چالاكییه‌ دارایییه‌كانی خۆیان.

سعوود موعجیب جێگری داواكاری گشتیى سعوودیه‌ روونی كرده‌وه‌ كه‌ رێوشوێنه‌كانى به‌رانبه‌ر به‌ تۆمه‌تباران به‌ تێوه‌گلان له‌ گه‌نده‌ڵى دوو قۆناغ له‌ خۆی ده‌گرێ، یه‌كه‌میان دانوستاندن و داخستنى دۆسیه‌كانیان، ئه‌و قۆناغه‌ پشت به‌و رێوشوێنه‌ ده‌به‌ستێ كه‌ لیژنه‌ى باڵاى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی به‌ گونجاوى ده‌زانێ و پێی وایه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتیى تێدایه‌ و تۆمه‌تباران به‌ده‌م داواكارییه‌كان هاتوون، گوتى "ته‌واوى رێوشوێنه‌كان پشتى به‌ستووه‌ به‌ رێچاره‌ى پێڕه‌وكراو له‌ دنیادا، كه‌ پشت ده‌به‌ستێت به‌ رێككه‌وتن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ماڵی گشتى بۆ گه‌نجینه‌ى ده‌وڵه‌ت"، زیاتر گوتى "له‌ چه‌ند هه‌فته‌ى داهاتوودا ئه‌وانه‌ى رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى باڵا كردووه‌، دۆسیه‌كانیان داده‌خرێن، هاوكات ئه‌وان ده‌توانن و ئازادن له‌وه‌ى كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ قبووڵ نه‌كه‌ن و واژووی له‌سه‌ر نه‌كه‌ن". 

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، ئه‌گه‌ر تۆمه‌تباران له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى باڵا نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن یان ئاماده‌ نه‌بوون رێككه‌وتن بكه‌ن و تۆمه‌ته‌كان ره‌ت بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وا دۆسیه‌كانیان ره‌وانه‌ى داواكاری گشتى ده‌كرێت بۆ ته‌واوكردنى رێوشوێنی یاسایی به‌رانبه‌ریان.

گوتى "له‌ داواكاری گشتى تاوتوێى دۆسییه‌كانیان ده‌كرێت و رێوشوێنه‌ یاسایییه‌كانیان به‌رانبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر و به‌ به‌ڵگه‌ ده‌بێت تۆمه‌ته‌كانیان له‌سه‌ر ساغ بێته‌وه‌، ئه‌وانیش بۆیان هه‌یه‌ پارێزه‌ری تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێت بۆ به‌رگریكردن له‌ خۆیان". زیاتر گوتى "ئه‌گه‌ر تۆمه‌تباران توانییان به‌ به‌ڵگه‌ تۆمه‌ته‌كانی دراونه‌ته‌ پاڵیان ره‌ت بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وا داوایه‌كه‌ی له‌سه‌ریان هه‌یه‌ داده‌خرێت و ئازاد ده‌كرێن".

جێى باسه‌ چوارى تشرینى دووه‌مى رابردوو، مه‌لیك سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز به‌ مه‌رسوومێكى پادشایه‌تى بڕیاری پێكهێنانى لیژنه‌ى باڵاى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى راگه‌یاند كه‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمانی كوڕی سه‌رۆكایه‌تى لیژنه‌كه‌ ده‌كات.

له‌ یه‌كه‌م هه‌وڵى لیژنه‌كه‌، زیاتر له‌ 11 میر و ده‌یان وه‌زیر و كه‌سایه‌تیى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ی له‌ هوتێل رینتز كارلتونی نێوده‌وڵه‌تى ده‌ستبه‌سه‌ر كردن، به‌مه‌ش هوتێله‌ پێنج ئه‌ستێره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ بوو به‌ گرتووخانه‌یه‌كى پێنج ئه‌ستێره‌یی بۆ میر و وه‌زیر و كه‌سایه‌تییه‌كانى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌ كه‌ تۆمه‌تبار كراون به‌ گه‌نده‌ڵی.

سه‌رچاوه‌/ شه‌رق ئه‌وسه‌ت


وشە - فه‌رمان سادق


PM:03:58:06/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌