ئەنجوومەنی پارێزگاری هەولێر لۆگۆ دروست دەكات

:: PM:04:40:06/12/2017 ‌
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، گفتوگۆ لەسەر دانانی لۆگۆیەك بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەكرێت. بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنیش دەڵێت هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر پەسەندكردنی لۆگۆكە دەدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم شەشی كانوونی یەكەم، مەریوان پیرباڵ بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تا ئێستە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لۆگۆی نییە، بۆیە ئەمڕۆی لە دانیشتنی ئەنجوومەن ژمارە 55 لۆگۆیەك پێشنیار كرا، بەڵام پەسەند نەكرا.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، بۆ بڕیاردان لەسەر پەسەندكردنی هەر لۆگۆیەك بۆ ئەنجوومەن، بڕیارە لە دانیشتنی هەفتەی داهاتوو پەسەند بكرێت و بكرێتە لۆگۆی ئەنجوومەن.

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر خاوەنی 31 كورسییە كە لەلایەن سەرجەم حزب و نەتەوەكانی شاری هەولێر پێكهاتووە، هەروەها چاودێرە بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكار لە شاری هەولێر و بەردەوامە لە كۆبوونەوەكانی، لە ماوەی ڕابردووشەوە تا ئێستە 55 كۆبوونەوەی ئەنجام داوە.

لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر پارتی خاوەنی 12 كورسی، یەكێتی شەش كورسی، گۆڕان چوار كورسی، كۆمەڵ دوو كورسی و یەكگرتوو یەك كورسی، شەش كورسیش پشكی نەتەوەكانە.



وشە - رامیار جەواد