پارەی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان زیاد كرا

دوای ڕاگرتن و كار پێنەكردنی مۆلیدەكانیان لەبارمبەر بڕیارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی دواجار بڕیاردرا بە زیاد كردنی پارەی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان.

ئەمڕۆ چوارشەم شەشی كانوونی یەكەم، تاریق سەمین سەرۆكی كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەهەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەكان و قایمقامی مەركەزی سلێمانی و ئاسایشی ئابووری و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كێشەكەمان چارەسەر كراوە و بڕیارماندا مانگرتنی مۆلیدە ئەهلییەكان بشكێنین و دەستبكەینەوە بەكاركردن.

سەرۆكی كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی دەڵێت، لەسەر ئەوە رێككەوتین كە تێچووەكانمان زیادكرا و تێچوونی گازەكەمان بۆ دابین دەكەن، پێشتر تێچووی گاز 42 دینار دیاریكرابوو ئێستا زیاد كراوە بۆ 44 دینار.

هێمن حەسەن خاوەنی مۆلیدە لە سلێمانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای بەدەمەوە نەهاتنی لایەنی پێوەندیدار بە داواكانمان، نیگەرانی‌ و مانگرتنی‌ خاوەنی‌ مۆلیدە ئەهلییەكانی‌ لێ كەوتەوە و بڕیارمان دا لەمڕۆ چوارشەمەوە كار بەمۆلیدەكان نەكەین.

بەهۆی دیاریكردنی‌ كرێ و پارەی‌ ئەمپێری‌ مۆلیدە ئەهلییەكان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی‌ كارەبای‌ سلێمانی بۆ مانگی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ 2017، خاوەنی‌ مۆلیدە ئەهلییەكان دوێنێ گردبوونەوەیەكی‌ ناڕەزایییان ئەنجام دا و چوونە بەردەم بینای‌ بەڕێوەبەرایەتیی‌ كارەبای‌ سلێمانی‌، ڕایان گەیاند كە ئەو بڕیارەی‌ دراوە جێبەجێی‌ ناكەن و بۆ هەڵوەشاندنەوەی‌ بڕیارەكە 24 سەعات دەدەنە ‌لایەنی‌ پێوەندیدار.



وشە - رامیار جەواد


PM:05:10:06/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 4136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌