سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركووك رای گەیاند كە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم رائیدی پۆلیس سامرعەبدولنەبی لەلایەن چەند چەكدارێكی نەناسراوەوە لە گەڕەكی كوردستان لە كەركووك كوژراوە.
سەرچاوەكە لەو بارەوە بە"وشە"ی راگەیاند كە چەكدارە نەناسراوەكان لەناو ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئۆپڵێ رەنگ سلڤەر لە گەڕەكی كوردستان، واتە فەیلەقی كۆن، لە نزیكی یاریگەی پێنج یاریزانییەكە هێرشیان كردووەتە سەر ئەو ئەفسەرە و كوشتوویانە.
لای خۆیانەوە هێزە تەناهییەكانی كەركووك گەمارۆی شوێنەكەیان داوە و دەستیان كردووە بە لێكۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی بكوژان و روونكردنەوەی هۆكاری تیرۆركردنی.
پارێزگای كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو بە یارمەتی ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی و سەركردەی سیاسی حزبێكی دیاری كوردستان كەوتە دەستی سوپای عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە، ئەوان لەدوای ئەوە دەستیان كردووە بە پێشێلكاری لەدژی هەموو پێكهاتەكانی ئەو شارە بەتایبەتی لەدژی كورد، بەدەر لەوەش ناوە ناوە ئەجینداكانی ئێران بە بڵاوكردنەوەی تەشەیوع و لەناوبردنی ئەفسەرە سوننەكان جێبەجێ دەكەن.
كەركووك/ ئارام شێركۆ