گوندنشینان بە نائومێدییەوە بە لباد خانووەكانیان نۆژەن دەكەنەوە

:: PM:06:32:06/12/2017 ‌

بەشێك لە گوندنیشانی سنووری پارێزگای دهۆك، بە تایبەتی گوندنیشانی سنووری ئامێدی و زاخۆ، كە بە ناوچە شاخاوییەكان دەناسڕێت، بەهۆی تەنگژەی داراییەوە ناتوانن خانووەكانیان بە شێوەیەكی باشتر دروست بكەنەوە، بۆیە پەنا بۆ بەكارهێنانی لباد دەبەن بۆ پاراستنی خانووەكانیان لە رووخان.
 
نەسروڵا ئەحمەد، یەكێك لە گوندنشینەكانی سنووری شارەدیێ شێلادزێ سەر بە شارۆكەی ئامێدی بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەیەكی زۆرە ئەوان چاوەڕێ دەكەن كە حكوومەت و لایەنی پێوەندیدار خانوویان بۆ دروست بكەن، ئەوان بەهۆی تەنگژەی داراییەوە ناتوانن خۆیان ئەو كارە بكەن، بۆیە ئێستە لە جیاتی دروستكردنی خانوو ئەوان لباد بۆ پاراستنی خانووەكانیان لە رووخان بەكاردێنن.
 
زیاتر گوتی، وێڕای ئەوەی بە بەكارهێنانی لبادیش ناتوانین لە مەترسییەكانی رووخانی خانووەكانمان رزگار بین، بەڵام هەرچۆنێك بێت بەكارهێنانی لباد تا رادەیەك باشترە و دەتوانێت تا چەند ساڵێكی تر گەرەنتی پاراستنمان بدات.
 
جیهاد موحیەدین گولی گوندنیشینێكی تر لە سنووری شارۆكەی زاخۆ بە "وشە"ی راگەیاند، بەكارهێنانی لباد گەلێك سوودی هەیە و دەتوانین بۆ پاراستنی خانووەكانمان لە باو و باران بپارێزین، چونكە ناوچە شاخاوییەكان زۆر سەختن و مەترسیی رووخانی خانووەكانی سەریان قوڕە زۆرە.
ئەو پێی وایە كە بەكارهێنانی لباد زۆر باشترە لە لایلۆن، چونكە لایلون دەبێت هەموو ساڵێك بگۆڕدرێت، بەڵام لباد بۆ چەند ساڵێك دەشێت و روونی كردەوە، پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەهەر شێوەیەك بێت خزمەت بە گوندنشینان بكات، چونكە ئەوان مافی ئەوەیان هەیە سوود لە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت وەربگرن.
 
موجاهد عیسام، خاوەن نووسینگەیەكی فرۆشتنی لباد لە دهۆك و زاخۆ بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی تەنگژەی داراییەوە جۆرە بێئومێدییەك  لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەگشتی و گوندنیشان بە تایبەتی دروست بووە لەبارەی دروستكردنی خانوو بو ئەوان، لەبەر ئەوە بە رێژەیەكی بەرچاو بۆ پاراستنی خانووەكانیان پەنا بۆ بەكارهێنانی لباد دەبەن.
 
زیاتر گوتی، لباد جۆرە كەرستەیەكی ئێرانی و توركی و بەشێك لە وڵاتانی جیهانە و بە شێوەیەكی فرەوان لە هەرێمی كوردستان بڵاوبووتەوە و بۆ رێگەگرتن لە دڵوپەكردن و باو و باران و شێ و سەرما و گەرما و تەنانەت بۆ جوانیش بەكار دەهێنرێت، هەرچەندە لباد بۆ پاراستنی خانووە سەقف كۆنكریتەكان دروست كراوە، بەڵام بەشێوەیەكی فرەوان گوندنشینان بەكاری دێنن بۆ پاراستنی خانووە سەر گلەكانیان. 

بەپێی قسەكانی ئەو لبادفرۆشە، پاراستنی خانوو بە گەرەنتی زیاتر لە 15 ساڵ هەیە و نرخی مەتری لبادیش لەنێوان پێنج بۆ 10 دۆلار دەفرۆشرێت و روونی كردەوە، لباد پێك دێت لە مادەكانی قیڕ و نەفت و سفەیف و چەندان مادەی تر كە بەرگری لە پاراستنی خانوو دەكات.
 
دهۆك/ نەوزاد هلۆری









وشە - مه‌حموود ئیسماعیل