ئێران دەیەوێت مەرزی پەروێزخان بكاتەوە

:: PM:07:59:06/12/2017 ‌
ئێران لەگەڵ عێراق كەوتووەتە گفتوگۆ بۆ ئەوەی ڕازی بكات تا دەروازەی سنووری پەروێزخان بكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە هەینی ڕابردووەوە لەگەڵ بەرپرسانی پێوەندیدار لە عێراق بەمەبەستی كردنەوەی مەرزی پەروێزخان، دەستی بە گفتوگۆ كردووە.

فەرهاد تەجەری نوێنەری قەسری شیرین لە پەرلەمانی ئێران ڕای گەیاندووە، شاندێك لە بەرپرسانی تەناهی و سەربازیی ئێرانی، لە هەینی ڕابردووەوە لەگەڵ بەرپرسانی پێوەندیداری عێراق بەمەبەستی ڕازیكردنیان و كردنەوەی مەرزی پەروێزخان، گفتوگۆیان دەست پێ‌ كردووە.

نوێنەرەكەی قەسری شیرین دەڵێت، پەروێزخان بە گەورەترین دەروازەی سنووری لەگەڵ عێراق دادەنرێت، تاكە بیانووی حكوومەتی عێراقیش بۆ نەكردنەوە ئەوەیە كە هەردوو مەرزی پەروێزخان و خوسرەوی تەنیا 50 مەتر لە نێوانیاندایە.

پێویستە ئێران بەرژەوەندی خۆی لەبەرچاو بگرێت و لە كێشە ناوخۆییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا نەبێتە لایەن، چونكە بەو هۆیەوە پێنج هەزار كەس زیانیان پێ گەیشتووە و كۆمەڵێك كرێكاریش بێكار بوون، ئەو پەرەمانتارەی ئێران وا دەڵێت.
  
دوای هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بە بڕیارێكی پێشووی حكوومەتی عێراق و بەمەبستی سزادانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، بڕیاری داخستنی دەروازە سنوورییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دا.

سەرچاوە/ شەفەق نیووز



وشە - رامیار جەواد