تەقینەوەكەی كەمپی مەخموور شەهید و برینداری لێ كەوتەوە

:: PM:08:25:06/12/2017 ‌
كەمێك پێش ئێستە تەقینەوەیەك كەمپی ئاوارەكانی باكوری كوردستان لە شارۆكەی مەخمووری باشووری شاری هەولێری هەژاند، بەرپرسێكی ئەو سنوورەش دەڵێت، شەهید و برینداریان هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەم شەشی كانوونی یەكەم، ڕزگار محەمەد قایمقامی مەخموور بە وەكالەت بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، نزیكەی سەعات حەوتی ئێوارەی ئەمڕۆ تەقینەوەیەك كەمپی ئاوارەكانی باكوری كوردستانی هەژاند.

قایمقامی مەخموور گوتی، تا ئێستە دیار نییە ئەو تەقینەوەیە خۆكوژی یان ئۆتۆمبێل یان بۆمبی چێنراو بووە، ئەوەی بەر پرسانی كەمپەكە پێیان ڕاگەیاندین ئەوەیە كە شەهید و برینداریان هەیە.

رزگار ئاشكرای كرد تا ئێستە هیچ شتێكی تر لەسەر تەقینەوەكە نییە، بۆیە چاوەڕوانین بەرپرسانی كەمپەكە خۆیان زیان و سەرچاوەی تەقینەوەكە ئاشكرا بكەن.

كەمپی ئاوارەكانی لە شارۆكەی مەخموور لە ساڵی 1994 دامەزراوە و خۆیان ئیدارەی خۆیان دەكەن و ساڵی پاریش تەقینەوەیەك ڕووی دا و دواتر دەركەوت كە بەهۆی ئەوەی كچ و كوڕێك هەوڵی ڕاكردنییان دابوو كە خۆشەویستی یەكترن لەلایەن بەرپرسانی پارتی كرێكارانی كوردستان ناسراو بە پەكەكە تەقێندرابوونەوە.
 



وشە - رامیار جەواد