ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشهم 6ى كانوونى یهكهم، پەیكەرێك بۆ وەزیری ڕۆشنبیری سەردەمی شێخ مەحموود لەبەردەم بینای شارەوانی كۆنی شاری سلێمانی دانرا.
ئهم پهیكهرهش لە چوارچێوەی دروستكردنی زنجیرەیەك لە پەیكەری كەسایەتییەكانی كوردستان دێت.
پەیكەرتاش چێنەر نزار لە پێگهى تایبهتى خۆى له تۆڕى كۆمهڵایهتى فهیسبووك نووسیوویهتى: "وابڕیارە ئەمڕۆ لە بەردەم بینای شارەوانی كۆنی شاری سلێمانی پەیكەری مستەفا پاشای یاموڵكی دابنرێت، ماوەی سێ مانگە سەرقاڵی دروستكردنى بوومه و بە هاڕاوی بەرد درووستكراوە و بەردی كۆنی گەڕەكی مەڵكەندی لە درووستكردنیدا بەكار هاتووە، بەرزییەكەی 3مەتر و 70سانتیمە، به شێوهیهكى تایبهت و ئهندازهیى درووست كراوه".
زیاتر نووسیوویهتى: "مستەفا پاشا یاموڵكی كەسایەتییەكی گەورە و وەزیری ڕۆشنبیری بووە لە سەردەمی دەسەڵاتی شێخ مەحمود، درووستكردنی پەیكەر بۆ ئەم كەسایەتییە لە چوارچێوەی ئەو نزجیرە پڕۆژەیەدا دێت كە پەیكەر بۆ بەشێك لە كەسایەتییە دیارەكانی كوردستان دروست دەكهم، بیرۆكەی ئەم پڕۆژەیەش لەلایەن هاوكار عوسمان بەنا دانراوە".
له كۆتایدا ئاماژهى داوه، كه بەردی كۆنی گەڕەكی مەڵكەندی شاری سلێمانی بۆ جێگیركردنی پەیكەرەكە بەكار هاتووە، خودی پەیكەرەش لە هاڕاوی بەرد درووستكراوە، جێگای نووسینی ناوی پەیكەرساز و ساڵی درووستكردنی بە خۆشنووسی نوسراوە ئەمەش بەكارهێنانەوەی كلتورێكی كۆنە لە كاری پەیكەسازی پێ هاتنەكایەی ئامێری نوسینی سەرپلێت.
پاش دانانی ئەم پەیكەرە دوو پڕۆژەی نوێم ئامادەیە ئەوانیش دانانی پەیكەرێكە بۆ بەختیار عەلی كە تا ئێسته شوێنی بۆدیاری نەكراوە، لەگەڵ دیاوار بەندێك بەپێوانەی 2 مەتر بە 7مەتر، چێنهرى واى نووسیووه.
مستەفا پاشای یاموڵکی(ماوەی ژیان: ٢٥ی کانوونی دووەمی ١٨٦٦ لە سلێمانی، ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی تاکوو ٢٥ی ئایاری ١٩٣٦ لەسلێمانی لە عێراق)، سەرکردەی سوپای عوسمانی و ڕۆژنامەنووس و وەزیری پەروەردە و ڕۆشنبیرى بووه لە حکوومەتی کوردستان بە سەرۆکایەتی شێخ مەحموود، ناوی تەواوی مستەفا پاشای یاموڵکی کوڕی مەلا عەزیزە لە ساڵی ١٨٦٦ دا لە دایکبووە و لە ٢٥ - ١ - ١٩٣٦ دا لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە گردی سەیوان نێژراوە.
کاتێک کە شێخ مەحموودی حەفید لە دوا دوای مانگی ئەیلوولی ١٩٢٢دا گەڕایەوە سلێمانی و بووە و پاشای کوردستان، لە ١٠-١٠-١٩٢٢دا کابینەی دووەمی فەرمانڕەواکەی دامەزراند، مستەفا پاشای کردە و وەزیری مەعاریف و ئەویش خزمەتێکی زۆر خوێندەواریی کرد لە کوردستان و گەلێک قوتابخانەی تازە کردەوە.
ڕۆژنامەکەیشی کردە زمانحاڵی حکومەتەکەی شێخ مەحموود و ناونرا ڕۆژنامەی ڕۆژی کوردستان، لە دوای نەمانی حوکمی شێخ مەحموودی مەلیکی کوردستان، چووە شاری بەغدا بۆ بەسەربردنی ساڵانی دوادوای ژیانی تاکو لە ساڵی ١٩٣٦ دا کۆچی دوایی کرد.