لە گەرمیان رێكخراوێكی ئەڵمانی چالاكییەكانی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتانی بردە سەنتەرێكی تایبەت بە كەڕ و ڵاڵان لە شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، هاوكات ئاوڕدانەوە لە كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەكەنە پرۆژە.
لەیلا ئەحمەد، ئەندامی تیمی گەرمیانی رێكخراوی وادی ئەڵمانی لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، وەك رێكخراوی وادی ئەڵمانی لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی هوشیاركردنەوەدا كە درێژەی پێ دەدەین، لەمڕۆ چوارشەمەوە دەستمان كرد بە رێكخستنی زنجیرە سیمینارێك بۆ نابیستانی سەنتەری وانۆ كە سەرجەمیان نابیست و ڵاڵن.
زیاتر گوتی، ئەم پڕۆژەیە تایبەتە بەو چالاكییانەی لە چوارچێوەی هەڵمەتی 16رۆژەی 25ی نۆڤێمبەر ئەنجام دەدرێت.
ئەو ئەندامەی تیمی رێكخراوە ئەڵمانییەكە رای گەیاند، هەمیشە كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بێبەشن لە چالاكییەكان، بۆیە مەبەستمان بوو كەسانی خاوەنی پێداویستی تایبەت شارەزاییان هەبێ لە جۆرەكانی توندوتیژی، هاوكات بۆ ئەو چالاكییەشمان زمانی هێمامان بەكار هێنا.
روونی كردەوە، زیاتر وێنە و ڤیدیۆ و نووسین بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانەی تایبەتە بە نابیست و ڵاڵەكان بەكار دێنین.
هاورێ حەسەن، لە زاری یەكێك لە كەسە نزیكەكانییەوە كە نابیست و لاڵە لە سەنتەری وانۆی تایبەت بە فێربوونی خوێندنی نابیست و ڵاڵەكان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، یەكەمجارە پاش پێنج ساڵ لە كردنەوەی ئەو سەنتەرە، چالاكی و پڕۆژەی هۆشیاركردنەوە بۆ ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە ئەنجام بدرێت كە لاڵ و نابیستن.
رێكخراوی وادی ئەڵمانی كە بارەگای سەرەكی لە بەرلینە، لەپاش راپەڕینی بەهاری 1991ی خەڵكی كوردستانەوە، كار و چالاكییەكانی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان چڕ كردووەتەوە، وەك ناوچەیەكی قوربانیدەری ئەنفال.
گەرمیان/ سەبری هۆرینی