حووسییەكان كێن؟

:: PM:09:09:06/12/2017 ‌

بزاوی حووسییەكان كە ماوەیەكی كەم نییە لەسەر گۆڕەپانی یەمەن جموجۆڵیان هەیە، ئەوان لە چەند ساڵی دوایی دەستیان بە فرەوانخوازی كرد، ئەوەش بە پاڵپشتیی ئێران و عەلی عەبدوڵا ساڵح سەرۆكی پێشوو و كوژراوی یەمەن، بەڵام ئەوان كێن؟

بزاوی ئەنسارۆڵا، بزاوێكی سیاسی ئاینی چەكدارە كە پارێزگای سەعدە بنكەی سەرەكی ئەوانە، ناوی حووسی بۆ دامەزرێنەری بزاوەكە دەگەڕێتەوە كە حوسێن حووسییە، كە لە 2004دا بە دەستی هێزەكانی یەمەن كوژرا، ئەو بە باوكی رۆحی گرووپەكە دادەنرێت، ئەو گرووپەی لە 1992 بەهۆی فەرامۆشكردنیان بەدیار كەوت و ئەوان شیعەن و سەر بە مەزەوی زەیدین و لەسەر بنەمای ویلایەتی ئیمام دامەزراوە و پێڕەوی تەریقەتی 12 ئیمامی شیعە دەكەن، واتە بە هەمان شێوەی ئێران.

لایەنە سوننەكانی یەمەن تۆمەتی ئەوە دەدەنە پاڵ حووسییەكان كە لەلایەنە ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن و لەگەڵ حزبوڵای لبنانیش هاوبەشن لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی هیلالی شیعە لە ناوچەكەدا، ئەو كارەی حووسییەكان رەتی دەكەنەوە و دووپات لەوە دەكەنەوە كە ئەوان سەر بە مەزەوی زەیدین، ئەگەرچی لە هەندێك پرسەدا لەگەڵ تەریقەتی 12 ئیمامەكە یەك دەگرنەوە و كۆكن.  

زەیدی بۆ ئیمام زەید كوڕی عەلی دەگەرێتەوە، كە یەكێكە لە سێ تیمەكەی شیعە، زەیدی و 12 ئیمام و ئیسماعیلی، بەڵام زەیدی میانڕەوترینیانە و نزیكترینیانە لە مەزەوی سوننەكانەوە، كە ئەوان زیاتر لە باكوری یەمەن جێنشینن. 

حووسییەكان دووپاتی ئەوە دەكەنەوە كە خواست و داواكاری كۆمەڵایەتی و سیاسییان هەیە بە جێبەجێكردنی رێنوێنییەكانی وتوێژی كۆنگرەی نیشتیمانی و روونی دەكەنەوە كە ئەو رێنوێنییانە پڕۆژەكانی بەشداریكردنی پێكهاتەی حووسی لە دامەزراوەكانی دەوڵەت و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانیان و هیتریش.  

بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی دۆخی یەمەن كە ساڵانی دوایی بەخۆیەوەی بینی و چەندان رووبەڕووبوونەوەی سەربازی حووسییەكان لەدژی هێزەكانی حكوومەتی یەمەن و كەوتنی چەندان پارێزگای ئەو وڵاتە بەدوای یەك بە دەستی حووسییەكانەوە، ئەوان دەسەڵاتی خۆیان بەسەر رووبەڕێكی فرەوان لەو وڵاتە سەپاند. 

سەرەڕای بانگەشەی عەبد رەبە مەنسوور هادی سەرۆكی ئێستەی یەمەن بۆ حووسییەكان بۆ پاشەكشەكردنی چەكدارانیان لە سەنعای پایەتەخت و وازهێنان لە داگیركاریان بۆ تەلار و بارەگەی حكوومەت و وەزارەتەكان و كۆمپانیا و كێڵگە نەوتییەكانی ئەو وڵاتە، بەڵام ئەوان ئەوەیان نەكرد و بەهۆیەشەوە بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە پلانێكی شیعاتی جێبەجێ دەكەن وەك ئەوەی ئێران بۆی داڕشتوون.

رووبەری گشتیی وڵاتی یەمەن 527.970 كیلۆمەتر سێجایە و خاوە 200 دوورگەیە لە دەریای سوور و دەریای عەرەب و بەپێی چەند ئامارێك ژمارەی هۆزەكانی یەمەن 200 هۆز دەبێت و ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتەش دەگاتە 29 ملیۆن كەس.

لە 2004 حوسێن حووسی بەدەستی هێزەكانی یەمەن كوژرا و دوای ئەوە باوكی بەدرەدین حووسی بووە سەركردەی گرووپەكە و دوای ئەویش عەبدولمەلیك حووسی گوڕە بچووكەكەی كە ئێستەش سەركردایەتی گرووپەكە دەكات.

حووسییەكان لە 2004 لەدژی حكوومەت دەستیان بە جەنگ كرد لەو كاتەی دەسەڵاتدارانی یەمەن نەیانهێشت ئەوان لەناو مزگەوتەكانیان هوتاف لەدژی ئەمەریكا و ئیسرائیل بڵێنەوە، كە بە كوشتنی حوسێن حووسی كۆتایی پێ هات، دوای ساڵێك بەدرەدین حووسی دەستی بە جەنگی حكوومەتی یەمەن كرد، تا كاتی هاتنی عەبدولمەلیك حووسی و لە 2007 و 2008ە و 2009 و 2010 ناوە ناوە جەنگ دروست دەبوو.

لە 2011 حووسییەكان بەشداریان لە راپەڕینی جەماوەری لەدژی عەلی عەبدوڵا ساڵح لە چوارچێوەی بەهاری عەرەبیدا كرد و لە 2014 جەنگ لەدژی حكوومەتی نوێی یەمەن دەستی پێ كردەوە و كۆنترۆڵی سەنعای پایەتەختیان كرد.    

حووسییەكان لە ناوچەكانی سەعدە و زمار و عەمران و محوێت و تەعز و ئیب و ناوچەكانی باشوور، نیشتەجێن، دیاریكردنی پارێزگەی سەعدە وەك مۆڵگەی سەرەكیی حووسییەكان تەنیا ئەوەندە نییە كە شوێنی سەرەكی نیشتەجێیانە، بەڵكو بەهۆی نزیكی لە سنوورەكانی سعوودیەیە كە نەیارێكی سەرسەختی ئێرانە، هەروەها نزیكی لە سعوودیە بەهۆی نزیكی ناوچەكە لە شیعەكانی سعوودیە. 

ژمارەی لایەنگرانی حووسی دەگاتە 350 هەزار كەس كە 10 هەزاریان چەكداری كارامەن، سەرچاوەی پارەداركردن و چەكداریكردنی حووسییەكان تەواو روون نییە، بەڵام زۆر جار بە لایەنگری ئێران باسیان لێوە دەكرێت.

 بەگشتی چەند هۆكارێك هەن كە وایان كرد حووسییەكان كۆنترۆڵی سەنعا و زۆرینەی شارە گەورەكانی یەمەن بكەن، لەوانە لاوازیی ژێرخانی یەمەن و فەرامۆشكردنی خەڵكەكەی لەلایەن حكوومەتی ئەو وڵاتە كە وای كرد خەڵكەكە لێی یاخی بن و پاڵپشتی لە حووسییەكان بكەن، ئەگەر لە بیروباوەڕیش جیاواز بن لەگەڵیاندا، هەروەها سروشتی هۆزیی یەمەن، هەروەها پەنابردنی حووسییەكان بۆ درووشمی وا كە سەرنجی گەنج و سەرۆك هۆزەكان بۆخۆیان رادەكێشن.

سەرچاوە: موستەقبەل




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل