لە سنووری پارێزگای دیالە كە ژمارەیەك ناوچەی كوردستانی پێوە لكێنراوە و بەهۆی شەڕی داعشەوە خاپوور بووە و برسیەتی تەنگی پێ هەڵچنیوە، ئێستە پڕۆسەیەكی رێكخراوی تەعریب هەیە، بەدەر لەوەش باڵەخانە گرانبەهاكان دەفرۆشرێت و ئەنجوومەنی پارێزگاش دەڵێ لیژنە پێك دێنن.
ژمارەیەك چالاكوانی مەدەنی لە سنووری پارێزگای دیالە "وشە"یان لەو زانیارییانە ئاگەدار كردەوە، ئەوەش لەكاتێكدا كە بەهۆی جەنگی داعشەوە زۆرینەی ناوچە كوردستانییەكان و بەشێك لە ناوچەكانی تری پارێزگاكە خاپوور بووە و پێویستیان بە خزمەتگوزارییە، كەچی دیاردەی فرۆشتنی باڵەخانەی حكوومی لە ئارادایە بێ ئاگەداری ئەنجوومەنی پارێزگا.
ئیبراهیم محەمەد، یەكێك لەو گەنجانە بۆ "وشە" ئاماژەی دا، نوێنەرانی پارێزگاكەیان لە پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە ئاگەدار كردووەتەوە. روونی كردەوە، باڵەخانەی سەندیكای كرێكاران فرۆشراوە كە لە ناوەندی پارێزگاكەیە و زۆر گەورەیە و باڵەخانەی واش هەیە بە پارەی خەیاڵی فرۆشراوە. ئاماژەی كرد كە هەروەها كۆمەڵێك باڵەخانەی تر بۆ فرۆشتن ئامادە كراون، بەڵام رێگری لێ دەكەین.
لای خۆیەوە، عەلی داینی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بۆ "وشە" بوونی گەندەڵی لەو جۆرەی پشتراست كردەوە و رای گەیاند، نازانین ئەو باڵەخانەی دیالە بە چەند فرۆشراوە، بۆیە لیژنەی بۆ پێك دێنین. دووپاتی كردەوە، دەستمان كردووە بە وەستانی فرۆشتنی باڵەخانە.
پارێزگای دیالە كە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، پێكهاتەیەكی دانیشتوانی تێكەڵی هەیە كە بە كورد و عەرەبی سوننەوە ژمارەیان زیاترە، بەڵام ساڵانێكە بە زەبری هێز شیعەكان باڵادەستن و پارێزگاری پارێزگاكەش سەر میلشیاكانی بەدرە.
گەرمیان/ سەبری هۆرینی