بڕیارەكەی تڕەمپ كاردانەوەی توندی لێ دەكەوێتەوە

:: PM:10:48:06/12/2017 ‌

دوای ئەوەی دۆناڵد تڕەمپی سەرۆكی ئەمەریكا شاری قودسی وەك پایتەختی فەرمیی ئیسرائیل ناساند، كاردانەوەكان بەدوای یەكدا دێن و توندتر دەبن، هەریەك لە توركیا و میسر و ئوردن و ئێران و مەغریب و پاكستان سەركۆنەی ئەو راگەیاندنەی تڕەمپ دەكەن و فڕەنساش پاڵپشتی نەكردنی بۆ بڕیارەكە راگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەم دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیارێكی نوێی ئیمزا كرد و شاری قودسی بە فەرمی وەك پایەتەختی ئیسرائیل ناساند، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ تڕەمپ رای گەیاند كە بڕیارێك لەو بارەوە دەدات و لەگەڵ مەحموود عەباسی سەرۆكی فەلەستینیش لەو بارەوە قسەی كردووە. 

دۆناڵد تڕەمپ لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە كۆشكی سپی رای گەیاند كە كاتی ئەوە هاتووە بە داننان بە قودس وەك پایەتەختی ئیسرائیل و ئەو راگەیاندنەشی سەرەتای رەوتێكی نوێ و قۆناغێكی نوێیە.

زیاتر گوتی، قودس بارەگەی حكوومەتی ئیسرائیل و كنێست و دادگەی باڵای ئیسرائیلە و روونی كردەوە كە بڕیارەكەی ئەمڕۆ لە بەرژەوەندی ئەمەریكا و پڕۆسەی ئاشتییە لە ناوچەكەدا.

لای خۆیەوە مەحموود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەڵەستین بڕیاری كشانەوەی نێردەی رێكخراوی ئازادیخوازی فەڵەستینی لە واشنتن دا و رای گەیاند كە بڕیارەكەی تڕەمپ بریتییە لە پاشەكشەی لە چاودێریكردنی پڕۆسەی ئاشتی لە ناوچەكەدا و دووپاتی كردەوە كە بڕیارەكە شەرعیەت بە بوونی ئیسرائیل نادات و هیچ لەبارەی قودسەوە ناگۆڕێت.

لای خۆیەوە پاكستان داوای سازكردنی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی كۆنگرەی هاریكاری ئیسلامی دەكات لەبارەی بڕیارەكەی ترەمپ بە ناساندنی قودس وەك پایەتەختی ئیسرائیل،  میسر سەركۆنەی بڕیارەكە و هەموو لێكەوتەكانی دەكات و وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش بەتوندی سەركۆنەی بڕیارەكە دەكات و بە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننامە نێودەوڵەوتییەكان دای دەنێت، وەزارەتی دەرەوەی توركیاش دەڵێ كە بڕیارەكەی ئەمەریكا نابەرپرسیارانەیە.

لە كەتی غەزەی فەڵەستین خۆپێشاندانی جەماوەری دەستی پێ كرد و بزووتنەوە حەماس رای دەگەیەنێت كە سبەی پێنجشەم دەبێتە رۆژی توڕەیی فەڵەستین و داوای خۆپێشاندانی كە كەرتی رۆژئاوا و هەموو خێوەتگەكان كرد. جیا لەوە بزووتنەوەكە هەڕەشە دەكات و دەڵێت بڕیارەكە دەرگەی جەهەنەم بە رووی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكات لە ناوچەكە دەكاتەوە.

لای خۆیەوە مەغریب بانگێشتی نوێنەرانی هەریەك لە فڕەنسا رووسیا و چین و بەریتانیا دەكات بۆ تاوتوێكردنی بڕیاڕەكەی ترەمپ. ئیمانوئیل ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا لەو بارەوە رای گەیاند كە بڕیارەكە جێی داخە و ئێمە پاڵپشتی لێ ناكەین. هاوكات ماكڕۆن كە بە سەردانێك لە جەزائیرە داوای لە هەموو لایەك كرد كە هێوربنەوە و خۆیان لە توندوتیژی بەدوور بگرن. 

سەرچاوە: بەغداد تودەی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل