دوو گەنج لە دەڤەری بارزان گیانیان لەدەست دا


ئەمشەو بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراوەوە، دوو گەنجی دەڤەری بارزان گیانیان لەدەست دا و بەپێی زانیارییەكانیش بۆمبەكە لەلایەن پەكەكەوە دانراوە.

سەرچاوەیەك لە دەڤەری بارزان بە "وشە"ی راگەیاند، دوو سەعات بەر لە ئێستە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو، دوو گەنجی دەڤەری بارزان لە نزیك ناوچەی مێرۆز گیانیان لەدەست دا.

بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە بۆمبە چێنراوەكە لەلایەن چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)وە دانراوە، چونكە تەنیا پەكەكە لەو ناوچەیە هەیە.

لەلایەن خۆیەوە هەوار ئەرگووشی گوتەبێژی پۆلیسی سۆران وێڕای پشتراستكردنەوەی هەواڵەكە بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناوچەی مێرۆزی سەر بە شارەدێی شێروانی مەزن لە سنووری دەڤەری بارزان، بومبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێكەوە تەقییەوە و لە ئەنجامدا دوو گەنج گیانیان لەدەست دا كە خەڵكی دەڤەری بارزانن.

زیاتر گوتی، ئەو دوو گەنجە ناوەكانیان (هەژار عەتەم بێداوی و محەمەد فەتحوڵا بێداوی)یە و تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 30 ساڵانە، تا ئێستە هۆكاری دانانی ئەو بۆمبە چێنراوە لەو ناوچەیە نەزانراوە و پۆلیسی ناوچەكە دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە و تەرمی هەردوو گەنجەكەش رەوانەی نەخۆشخانەی داد لە شارۆكەی سۆران كراوە.

بەپێی داتاكانی قایمقامیەتی شارۆكەی مێرگەسوور، 80 گوندی دەڤەری بارزان لەلایەن چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە داگیر كراون و نایەڵن گوندنشینان بگەڕێنەوە سەر گوندەكانیان و گوندنشینان بێبەشبوون لە هەموو شتێك، بەڵام بەهۆی تەنگژەی دارایی و دواكەوتنی مووچەوە، جار بەجار گوندنشینانی ئەو ناوچەیە دەچنەوە گوندەكانیان و لە رێگەی كەرستە شاخاوییەكانەوە داهاتێك بەدەست دێنن و ئەوكاتیش ژیانیان دەكەوێتە ژێر مەترسییەوە.

بارزان/ نەوزاد هلوری




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:11:06:06/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 293 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌