تۆتنهام و ریال مەدرید گەیشتە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا

:: AM:08:38:07/12/2017 ‌

هەردوو یانەی تۆتنهام و ریال مەدرید لە دوای یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا سەركەوتنیان بەدەستهێنا و گەیشتنە قۆناغی 16ی پاڵەوانیەتییەكە.

شەوی رابردوو لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی كۆمەڵەی هەشتەم، یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی لەنێو یاریگە و جەماوەری خۆی سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر یانەی ئەپۆیڵ نیكۆسیای قوبڕسی و بە 3 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی بردەوە.

گۆڵەكانی یانەی تۆتنهام لەلایەن یاریزانان فێرناندۆ لۆرێنتی لە خولەكی 20 و سۆن هیۆنگ مین لە خولەكی 37 و جۆرج كیڤین لە خولەكی 80 هاتنە تۆماركردن.

بەم سەركەوتنە یانەی تۆتنهام خاڵەكانی كردە 16 و بەیەكەمی كۆمەڵەی هەشتەم خۆی گەیاندە یارییەكانی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

لە یارییەكی تری هەمان كۆمەڵەدا یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ لە یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی بردەوە.

گۆڵەكانی یانەی ریال مەدرید لەلایەن یاریزانان بۆرخا مایۆڕال لە خولەكی 8 و كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە خولەكی 12 و لوكاس ڤاسكێز لە خولەكی 81 هاتنە تۆماركردن، هەردوو گۆڵەكەی یانەی دۆرتمۆندیش لەلایەن هێرشبەری گابۆنی پێر ئێمریك ئۆبامیانگ لە خولەكانی 43 و 49 تۆمار كران.

بەمەش یانەی ریال مەدرید خاڵەكانی كردە 13 و بە دووەمی كۆمەڵەی هەشتەم درێژەی بە ركابەرییەكانی خولی پاڵەوانان بۆ قۆناغی 16 دا.

هەروەها یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانیش بە كۆكردنەوەی 2 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ لە ریزبەندی سێیەمی كۆمەڵەكە گیرسایەوە و خۆی گەیاندە خولی ئەوروپا، یانەی ئەپۆیڵ نیكۆسیاش بەیەكجاری ماڵئاوایی كرد.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م