"تریفه" دوای 11 ساڵ زانیویه‌تی دایك و باوكی خۆی نین كه به‌خێوی ده‌كه‌ن، كاتێك راستییه‌كان ده‌زانێت، ئه‌و ورده قسانه‌یشی دێته‌وه یاد كه برینداریان كردووه وه‌ك مرۆڤێكی بێكه‌س. به‌ڵام دواتر هاوسه‌رگیری ده‌كات و كچێكی هاوشێوه‌ی خۆی به چاره‌نووس ده‌بێت بۆ به‌خێوكردن. خستنه‌ڕووی ئه‌م چیرۆكه كه هه‌ندێك جار ئاواتی مردنی تێدا خواستووه، ئامانجی تریفه بووه وه‌ك به‌شێك له سه‌ركه‌وتن و هیوا بۆ ژیان.
تریفه /31 ساڵ/ له‌وكاته‌ی له هه‌ولێر په‌یامنێره‌كه‌ی "وشه"ی ناسی، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌مێك بێت قسه‌ی هه‌بێت بۆ خه‌ڵك، له دانیشتنێكی كچانه و دۆستانه كه‌وته گێڕانه‌وه‌ی وێستگه‌كانی ژیانی و له‌وێوه ده‌ستی پێ كرد كه له پۆلی پێنجی سه‌ره‌تایی رۆژێك له قوتابخانه هاتووه‌ته‌وه، دایكی جیاواز له رۆژانی تر پێی گوتووه كچم ده‌مه‌وێ قسه‌ت له‌گه‌ڵ بكه‌م. ئه‌مه خورپه‌یه‌ك ده‌خاته دڵی تریفه و وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، "دڵم هه‌زار بیركردنه‌وه و پرسیاری پیادا هات، دایكم بۆ قسه‌ی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ من بكات؟ چیم كردووه؟".
تریفه كه باس له‌م ساته ده‌كات له‌گه‌ڵ دایكی چوونه‌ته ژووره‌وه و سه‌ری خستووه‌ته سه‌ر ڕانی و ده‌ست به‌ناو قژیدا دێنێ، له قوڵپه‌ی گریان ده‌دات وه‌ك ئه‌وه‌ی تازه ئه‌و هه‌واڵه ناخۆشه‌ی بیستبێ.
دایكی خۆشه‌ویستیی خۆی وه‌ك هه‌میشه بۆ ده‌ربڕیوه و ئه‌میش هیچ گومانی له‌وه نه‌بووه، چونكه به‌گوته‌ی خۆی، به‌رده‌وام هه‌ستی پێ كردووه، "منداڵ بووم ده‌مگوت من له دوو برا و خوشكه‌كه‌م جوانترم و چاوم سه‌وزه و خوێنشیرینم بۆیه دایكم وا گرنگیم پێ ده‌دات، به‌ڵام هه‌میشه بیرم بوو كه باوكم ته‌نیا جه‌ژنان منی ماچ ده‌كرد".
"من كه‌وتمه خه‌یاڵه‌وه و دایكم راسته‌وخۆ ده‌ستی به قسه‌كانی كرد و گوتی، هه‌موو ورده‌كارییه‌كانی گێڕایه‌وه كه پێش ١١ ساڵ له ماڵی باوكی بووه دراوسێیه‌كیان بووكه‌كه‌ی به‌سه‌ر منداڵه‌وه مردووه و منداڵه‌كه‌ی لای داپیر و پووره‌كانی به‌خێو كراوه، زۆر نائاسووده بوون به‌هۆی هه‌ژارییه‌وه كۆرپه‌كه‌یان به به‌ڵای ژیان ده‌زانی و هه‌ر ده‌یانگوت چی له‌و كچه بكه‌ین، كوڕ بووایه هه‌ر باشتر بوو". تریفه وای گوت.
دایكی تریفه به‌رده‌وام ده‌بێت له ئاشكراكردنی ئه‌و نهێنییه بۆ كچه‌كه‌ی "رۆژێك به منیان گوت تۆ شیرت هه‌یه پێی بده، كۆرپه‌كه‌م له باوه‌ش كرد توند منی گرت، ڕێك هه‌ستی منداڵه‌كه‌ی خۆمم بۆی هه‌بوو، شیرم پێ دا و له باوه‌شم خه‌وت، كه جێم هێشت دڵم هه‌ر لای بوو، بۆیه ڕۆژێك به باوكتم گوت بۆ ئه‌و كۆرپه‌یه نه‌گرینه خۆمان و له‌و بێنازییه رزگاری بكه‌ین، سه‌ره‌تا ڕازی نه‌بوو گوتی بۆ منداڵی خه‌ڵك به‌خێو بكه‌ین، به‌ڵام دواتر ڕازی بوو".
دایك به‌رده‌وامه له قسه و تریفه هه‌ر خورپه‌ی زیاتر به دڵیدا دێ، "ئێواره‌یه‌ك چووینه ماڵه‌كه و ئاماده‌ییم بۆ وه‌رگرتنی كۆرپه‌كه ده‌ربڕی، ئه‌وان بێ بیركردنه‌وه ڕازی بوون و هه‌ر ئه‌و شه‌وه هێنامان، باوكی كۆرپه‌كه گوتی زۆر پێم خۆشه چونكه نازانم چی له‌و منداڵه بكه‌م به‌بێ دایك".
"خوایه ئه‌وه‌ی باسی ده‌كات من نه‌بم، به ده‌نگێكی نزم گوتم ئه‌ی دایكه كوا ئه‌و خوشكه‌كه‌مان؟ مرد؟ دایكم به توند باوه‌شی پیادا كردم و گوتی ئه‌و جوانترین فریشته‌ی دنیا و ئاقڵترین كچی منه، كه ئه‌و قسه‌یه‌م بیست حه‌زم نه‌ده‌كرد خوله‌كێكی تر له ژیان بم، هه‌ستێكی زۆر ناخۆش بوو، ده‌ستم كرد به گریان، وشه‌كانی باوكم و بیر كه‌وته‌وه و تێگه‌یشتم بۆچی سارده له‌گه‌ڵم و ئه‌و قسانه‌ی به دایكمی ده‌گوت ئه‌و منداڵی ئه‌م ماڵه نییه، من ناچار نیم وه‌ك ئه‌وانی تر سه‌یری بكه‌م و ڕۆژێ هه‌ر ده‌بێت ڕاستییه‌كان بزانێ، دایكم ده‌یگوت وا مه‌ڵێ چۆن دڵت دێ من شیری خۆمم پێ داوه، ئیتر هه‌رچی رووی داوه ده‌هاته بیرم". ئه‌مانه قسه‌ی تریفه‌ن.
له‌و رۆژه‌وه ژیانێكی گوماناوی و پڕ له بیركردنه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و ته‌نیایشی بۆ گریان بووه تا گه‌وره ده‌بێت و ده‌گات به كۆلیژ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر له یاده‌وه‌ری ئه‌و كچه‌دا ماوه‌ته‌وه، قسه‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه بووه كه چیرۆكه‌كه‌یان نه‌زانیوه و به دایكیان گوتووه، "ڕێك كۆپی تۆیه ته‌نیا ڕه‌نگی چاوی جیایه، به راستیش ئه‌و دایكێكی نایاب بوو و حه‌زم ده‌كرد له‌و بچم".
ئه‌و تریفه خه‌مباره‌ی ئه‌وكات و گه‌شبینی ئێسته، له قۆناغی چواری كۆلیژ، له‌گه‌ڵ خاڵۆزای یه‌كێك له هاوڕێكانیدا نیگایه‌كی چاره‌نووسساز بۆ یه‌ك ده‌كه‌ن و دواتر ده‌رده‌كه‌وێ كوڕه كچێكی هه‌یه هاوشێوه‌ی كۆرپه‌یی تریفه خۆی و دایكی مردووه، ئه‌مه بیركردنه‌وه‌ی تریفه به‌ته‌واوی داگیر ده‌كات.
به‌گوته‌ی خۆی، "به‌یانییه‌ك له كۆلێژ دانیشتبووم، هاوڕێكه‌م هات و گوتی تریفه كوڕه خاڵه‌كه‌م سه‌رسامت بووه و به‌رده‌وام لێت ده‌پرسێ، مووچڕكه‌یه‌ك هات به گیانمدا و پێم خۆش بوو، ئیتر باسی چاره‌نووسی خۆم و كچه‌كه‌ی ئه‌وم كرد كه هاوشێوه‌یه". ئه‌و قسه و گێڕانه‌وه‌یه هاوڕێكه‌ی تریفه شۆك ده‌كات، به‌ڵام ده‌ڵێ "گرنگ تۆ ئێسته مرۆڤێكی باش و گرنگی و رێ له قه‌ده‌ر ناگیرێ".
ئیتر قسه‌كان له‌و نێوانه‌دا هاتوچۆ ده‌كه‌ن و تریفه و كوڕه‌ی ژن مردوو كات رێك ده‌خه‌ن و یه‌ك ده‌بینن، له‌م دیداره‌دا هه‌موو شتێك جیاواز ده‌بێت و راسته‌وخۆ خۆشه‌ویستی و به‌رنامه‌ی هاوسه‌ریی داتده‌نێن، ته‌نانه‌ت تریفه په‌له‌ی بووه زوو بگات به به‌خێوكردنی ئه‌و كچه هه‌ستی دایكایه‌تی بداتێ، كوڕه‌یش هه‌روا.
رێوشوێنه‌كان ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و هاوسه‌رگیرییه‌كه سه‌ر ده‌گرێ، دووه‌م رۆژی بووكێنی تریفه داوای كچه كۆرپه‌كه ده‌كات بۆی بێنن، زاوا داوا ده‌كات په‌له نه‌كات، به‌ڵام بوو ده‌زانێ بێ دایكی چه‌ند سه‌خته و ده‌چێت بۆ لای منداڵه‌كه كه ناوی "گه‌شه"یه.
تریفه باس له هه‌مان ئه‌و هه‌سته ده‌كات كه دایكی هه‌یبوو له‌كاتی وه‌رگرتنی خۆیدا و ده‌ڵێ، "گه‌شه‌م له باوه‌ش كرد زۆر گه‌رم و نه‌رم بوو ئه‌ویش توند منی گرت، به‌داخه‌وه دایكی خۆی نه‌یبینی، به‌ڵام من گه‌وره‌م كرد و هه‌موو ژیانم گۆڕا بۆ هیوا و به‌خته‌وه‌ری و هه‌موو رۆژ خۆشتر بوو له دوێنێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو تانه و ته‌شه‌ره‌ی له‌سه‌رم بوو، به‌ڵام زاڵبووم به‌سه‌ریاندا".
ئێسته گه‌شه گه‌وره بووه و خۆیشم دووگیان بووم و برایه‌كمان بۆ گه‌شه خسته‌وه و گه‌شه ئه‌مساڵ چووه قوتابخانه و دڵخۆشی تریفه "هه‌ر گوزارشت ناكرێ ئێسته" به‌گوته‌ی خۆی و داوا ده‌كات "مرۆڤ بێهیوا نه‌بێت و هه‌وڵ بدات به‌رده‌وام بێت، خۆشی شتێكه پێی ده‌گه‌یت".
ژاڵه ناسیح به‌رزنجی