قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا چۆن دەبێت؟
شەوی رابردوو بەفەرمی ركابەرییەكانی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كۆتایی هات و 16 تیپ گەیشتنە قۆناغی داهاتووی پاڵەوانیەتییەكە.
هەشت یانە بە یەكەمی كۆمەڵەكانیان سەركەوتنیان بۆ قۆناغی 16 بەدەستهێنا، ئەوان لە ئاستی یەکەمدا دەبن و برێتین لە (مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی، پاریس سان جێرمانی فڕەنسی، رۆمای ئیتاڵی، بەرشەلۆنەی ئیسپانی، لێڤەرپوولی ئینگلیزی، مانچستەر سیتی ئینگلیزی، بێشكتاشی توركی و تۆتنهامی ئینگلیزی).
هەروەها 8 یانەی تریش بە دووەمی كۆمەڵەكانیان بۆ قۆناغی 16 سەركەوتن و لە ئاستی دووەمدا دەبن کە برێتین لە (بازلی سویسڕی، بایرن میونشنی ئەڵمانی، چێڵسی ئینگلیزی، یۆڤانتۆسی ئیتاڵی، سڤیلییەی ئیسپانی، شاختاری ئۆكڕانی، پۆرتۆی پورتوگالی و ریال مەدریدی ئیسپانی).
یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) بڕیاریداوە رۆژی دووشەمی داهاتوو تیروپشك بۆ یارییەكانی قۆناغی 16ی خولەكە بكات و چاوەڕوانیش دەكرێ لەم قۆناغەدا یاریی بەهێز لەنێوان تیپە بەهێزەكاندا بەڕێوە بچێت.
بەگوێرەی یاسای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا نابێت ئەو یانانەی لە قۆناغی كۆمەڵەكاندا یارییان كردووە دووبارە لە قۆناغی 16 رووبەڕووببنەوە، هەروەها ناشبێت دوو یانەی یەك وڵات بەرامبەر یەكتر یاریی بكەن، یارییەكانیش بەشێوەی چوون و هاتن دەبێت و دۆڕاویان دەردەكرێ و براوەشیان بۆ قۆناغی 8 سەردەكەوێ.
بەگوێرەی ئاستی یەكەم و دووەم چاوەڕوان دەكرێ یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی رووبەڕووی هەریەك لە یانەكانی بازل، بایرن میونشن، چێڵسی، شاختار و پورتۆی پورتوگالی ببێتەوە، هەروەها یانەی ریال مەدریدی پاڵەوانی دوو وەرزی رابردووش رووبەڕووی هەریەك لە یانەكانی مانچستەر یونایتد، پاریس سان جێرمان، رۆما، لێڤەرپوول، مانچستەر سیتی و بێشكتاشی توركی ببێتەوە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم