داهاتی بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكان لە ئەوروپا 24 ملیار یۆرۆیە

:: AM:10:41:07/12/2017 ‌

 

بازاڕی قاچاخی مادە هۆشبەرەكان لە ئەوروپا بەردەوام لە گەشەسەندندایە و دەگوترێت داهاتی ساڵانەی بازرگانیكردن بەو مادە مەترسیدارە، دەگاتە سەرووی ٢٤ ملیار یۆرۆ. لە پێنج ساڵی رابردوودا ژمارەی جۆرەكانی مادە هۆشبەرەكان بە خێرایی زیادی كردووە.

 

دوێنێ چوارشەم پۆلیسی یەكێتیی ئەوروپا كە بە یورۆپۆل ناسراوە، نوێترین ئاماری چالاكییەكانی خۆی بۆ بنبڕكردنی مادە هۆشبەرەكان بڵاو كردەوە. بە پێی راپۆرتەكە گەورەترین بازاڕی نایاسایی ئەوروپا، بازاڕی مادە هۆشبەرەكانە.

 

 بەگوێرەی "دۆیچەوێلێ" سەرووی دوو لەسەر سێی ئەو باند و گرووپانەی كاری نایاسایی دەكەن، لە بەشی بەرهەمهێنان و بڵاوكردنەوەی مادەی هۆشبەر چالاكن و هەر بە هۆی داهاتەكەیان پەرە بە كاری تیرۆریش دەدەن.

 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، حەشیش و ماریجوانا لەو جۆرە مادە هۆشبەرانەن لە ئەوروپا زۆرترین بازرگانییان پێ دەكرێت.

 

پۆلیسی ئیسپانیا چەند رۆژ لەمەوبەر دەستی بەسەر بارێكی شەش تۆنی كۆكایندا گرت كە لە ناو پاكەتی مۆزدا هاوردە كرابوو.

 

 لە پێنج ساڵی رابردوو لە ئەوروپا ٦٢٠ جۆر مادەی هۆشبەر بەرهەم هێنراون و لە زۆربەی ئەو مادانەش سوود لە فێنتانیل وەرگیراوە كە مادەیەكە لە زانستی پزیشكیدا بۆ سڕكردنی نەخۆش و هێوركردنەوەی ژان سوودی لێ وەردەگیرێت، ئەگەر بۆ ماوەیەكی زۆر سوودی لێ وەربگیرێت، ئەوا لە هیرۆینیش مەترسیدارترە. لە هەشت مانگی یەكەمی ئەمساڵ لە بەریتانیا لانی كەم ٦٠ كەس بەهۆی بەكاربردنی مادەكە گیانیان لە دەست داوە.


 



وشە - سلێمان تاشان