میسی: ئەگەر مۆندیال نەبەینەوە بەیەكجاری واز لە ئەرجەنتین دێنین


لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی داهاتووی سەرجەم یاریزانەكانی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی دوای مۆندیالی 2018ی رووسیا ئاشكرا كرد.

میسی لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ تەلەفزیۆنی (تی وای سی سپۆرتس)ی ئەرجەنتینی رایگەیاند: ئەگەر نەمانتوانی جامی مۆندیالی 2018ی رووسیا ببەینەوە، دەبێت سەرجەم یاریزانەكانی هەڵبژاردەكە وازبهێنن و بەیەكجاری واز لە یاریی ناودەوڵەتی بێنن، چونكە بەردەوامبوون بۆ هەر یەكێك لە ئێمە زەحمەت دەبێت كە ماوەیەكی درێژە لەو هەڵبژاردەیەدا یاری دەكەین.

میسی ئاشكراشی كرد بەشێك لە هاووڵاتیانی ئەرجەنتین ئاواتەخوازن ئەم یاریزانانەی ئێستا واز لە هەڵبژاردەی وڵاتەكەیان بێنن، چونكە ماوەیەكی درێژە یاریی دەكەن و هیچ شتێكیشیان بەدەست نەهێناوە.

زیاتر گوتی: رەخنەگران لە رووخساری ئەم یاریزانانەی ئێستا بێزاربوون، باشیش دەزانین ئەگەر لە مۆندیال سەركەوتوو نەبووین چ دۆخێكی خراپ چاوەڕێمان دەكات، ئەرجەنتینییەكان ئەنجامی باش و دەستكەوتیان دەوێ و بەدڵنیایشەوە ئەگەر لەم هەلەدا سەركەوتوو نەبووین دەبێت رێگە بۆ رووخساری نوێ خۆش بكەین.

جێی باسە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یارییەكانی پاڵاوتنی ئەمەریكای باشوور بەزەحمەت توانی خۆی بگەیەنێتە یارییەكانی مۆندیال و هاوینی ساڵی داهاتووش لە كۆمەڵەی چوارەم بەرامبەر هەڵبژاردەكانی نێجیریا، ئایسلەندا و كڕواتیا یاریی دەكات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


AM:11:44:07/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 425 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌