شه‌وى رابردوو دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا بڕیاری ناساندنى قودس وه‌ك پایته‌ختى ئیسرائیل و گواستنه‌وه‌ی باڵوێزخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى له ته‌لئه‌بیبه‌وه بۆ ئه‌و شاره راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ى لاى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، وڵاتانى ئه‌وروپا و عه‌ره‌بی لێ كه‌وته‌وه و داواى ره‌تكردنه‌وه‌ى بڕیاره‌كه ده‌كه‌ن.
دوا به‌دواى بڕیاره‌كه، ناڕه‌زایه‌تى توند دژ به بڕیاره‌كه له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانى ئه‌مه‌ریكا له وڵاتانى ئه‌وروپا، وڵاتانى عه‌ره‌بی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان لێ كه‌وته‌وه و هۆشدارییان دا كه بڕیاره‌كه ده‌بێته هۆى له‌باربردنى هه‌وڵه‌كانى ئاشتیى نێوان ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین و گرژى و ئاڵۆزیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانى ئه‌وروپا دژى بڕیاره‌كه‌ن
ئه‌نتۆنیو گوتریچ ئه‌مینداری گشتى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رای گه‌یاند، هیچ چاره‌سه‌ر و جێگره‌وه‌یه‌ك نییه بۆ ململانێ و گرژییه‌كانى نێوان فه‌ڵه‌ستینییه‌كان و ئیسرائیلییه‌كان، قودس كلیلی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانى هه‌ردوولایه، بۆیه ده‌بێت به گفتوگۆی راسته‌وخۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه بكرێت.
له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى گوتریچ دووپاتى له نیگه‌رانى توندی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كرد و ئاماژه‌ی به‌وه دا، هیچ پلانێكى شوێنگره‌وه نییه جگه له راگه‌یاندنى دوو ده‌وڵه‌ت، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌موو هه‌وڵێك له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانى ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستییه‌كان ده‌ده‌ین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ مێزى دانوستاندنی رژد.
كاردانه‌وه‌كانى بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى لێ ده‌كرێت رۆژى هه‌ینى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تى كۆ ببێته‌وه. دیپلۆماتكاران ده‌ڵێن ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر داواى هه‌شت وڵاتى ئه‌ندام له 15 ئه‌ندام، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت رۆژى هه‌ینى له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ كۆ ببنه‌وه.
هه‌ریه‌كه له وڵاتانى به‌ریتانیا، فڕه‌نسا، ئیتاڵیا، سوید، ئۆرۆگوای، سه‌نیگال، میسر و بۆلیڤیا داوایان له گوتیریچ كردووه ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تى كۆ ببێته‌وه.
هاوكات فڕه‌نسا بڕیاری ناساندنى قودس وه‌ك پایته‌ختى ئیسرائیل به بڕیارێكى تاكلایه‌نه‌ى ناساند و داواى هێوركردنه‌وه و ددان به‌خۆداگرتنى كرد له ناوچه‌كه‌دا، لاى خۆشیه‌وه به‌ریتانیا رای گه‌یاند بڕیاره‌كه یارمه‌تیده‌ر نابێت بۆ هه‌وڵه‌كانى چه‌سپاندنى ئاشتى له نێوان ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین و له كۆتادا ده‌بێت ئه‌و شاره ببێته پایته‌خت بۆ هه‌ردوو ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین، كاردانه‌وه‌كه له ئه‌ڵمانیاش هه‌بوو، به‌رپرسانى ئه‌و وڵاته پێیان وایه ده‌كرێت چاره‌سه‌ری شاری قودس وه‌ها بكرێت و ببێته هۆى راگه‌یاندنى دوو ده‌وڵه‌ت.
ئیمانوێڵ ماكرۆن سه‌رۆكى فڕه‌نسا رای گه‌یاند، وڵاته‌كه‌ى پشتگیری له بڕیاره‌كه‌ى دۆناڵد تره‌مپ ناكات و دداننان به قودس وه‌ك پایته‌ختى ئیسرائیل بڕیارێكى تاكلایه‌نه‌یه.
ماكرۆن له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا له جه‌زائیر، نیگه‌رانى خۆى له بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ راگه‌یاند و پێی وایه بڕیاره‌كه پێچه‌وانه‌ى یاسای نێوده‌وڵه‌تى و بڕیاره‌كانى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشه.
ماكرۆن گوتی، قودس ته‌نیا شارێك نییه پێوه‌ند به ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین، به‌ڵكو پێوه‌نداره به ره‌وشی ته‌ناهیی كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پێویست ده‌كات ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستینییه‌كان به‌یه‌كه‌وه به سه‌رپه‌رشتى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌و شاره بده‌ن.
گوتى "فڕه‌نسا و ئه‌وروپا پابه‌ندن به چاره‌سه‌ری راگه‌یاندنى دوو ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین، به ئاشته‌وایی به‌یه‌كه‌وه بژین و قودسیش ببێته پایته‌ختى هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه، فڕه‌نساش ئاماده‌یه بۆ چاره‌سه‌ری و نێوه‌ندگیری".
ئیسرائیل پێشوازى له بڕیاره‌كه ده‌كات
ئیسرائیل پێشوازی له ناساندنى قودس وه‌ك پایته‌ختی وڵاته‌كه‌ى كرد، بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیل له په‌یامێكى ڤیدیۆیی كه دواى راگه‌یاندنى بڕیاره‌كه له‌لایه‌ن تره‌مپ بڵاوی كرده‌وه، رای گه‌یاند بڕیاره‌كه هه‌نگاوێكی گرنگه به ئاراسته‌ى ئاشته‌وایی و هه‌ر له یه‌كه‌م رۆژى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل ئه‌وه ئامانجی سه‌ره‌كى بووه كه ئۆرشه‌لیم (قودس) ببێته پایته‌ختى ئیسرائیل.
نه‌تانیاهۆ له په‌یامه تۆماركراوه ڤیدیۆیییه‌كه‌ى ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه هه‌ر رێككه‌وتنێكى ئاشتى له‌گه‌ڵ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان، ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بێت كه ئۆرشه‌لیم (قودس) پایته‌ختى ئیسرائیل بێت و داواشی له وڵاتان كرد كه باڵوێزخانه‌كانیان بۆ ئۆرشه‌لیم بگوازنه‌وه، ئه‌مه له‌كاتێكدایه فه‌ڵه‌ستینییه‌كان داوا ده‌كه‌ن قودسی رۆژئاوا بكرێت به پایته‌ختی ده‌وڵه‌تى فه‌ڵه‌ستین.
دوای ناساندنى قودس وه‌ك پایته‌ختى ئیسرائیل، ئه‌مه‌ریكا به فه‌رمى ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌تى چه‌ند ساڵه‌ى رابردووى بوو كه وه‌ك وڵاتێكى نێوانگیر له نێوان ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستینییه‌كان خۆی ناساندبوو، له‌مه‌ولا چیتر ئه‌مه‌ریكا وه‌ك وڵاتى نێوه‌ندگیر ئه‌ژمار ناكرێت.
دواى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل له ساڵى 1948، له جه‌نگی 1967 ئیسرائیل ته‌واوى شاری قودسی به به‌شی رۆژهه‌ڵاتى شاره‌كه‌شه‌وه داگیر كرد، تا ئێسته‌ش كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ددانى به سه‌روه‌ری ئیسرائیل به‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتى قودس نه‌ناوه.
وڵاتانى عه‌ره‌بی دژى بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ ده‌وه‌ستنه‌وه
له په‌رچه‌كرداری بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ، سه‌رۆكى زۆرینه‌ى وڵاتانى عه‌ره‌بی دژایه‌تى بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ وه‌ستانه‌وه و ره‌تیان كرده‌وه ددان به قودس وه‌ك پایته‌ختى ئیسرائیل بنێن و داوایان كرد چاره‌سه‌ری كێشه‌كه به گفتوگۆ بكرێت و رۆژهه‌ڵاتى قودس بكرێته پایته‌ختى ده‌وڵه‌تى فه‌ڵه‌ستینى.
مه‌حموود عه‌باس سه‌رۆكى ده‌سه‌ڵاتداری فه‌ڵه‌ستین رای گه‌یاند كه قودس پایته‌ختى هه‌میشه‌یی فه‌ڵه‌ستینه.
عه‌باس بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپی ره‌ت كرده‌وه و بڕیاره‌كه‌شی به كشانه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له هه‌وڵى نێوه‌ندگیری نێوان ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستین ناساند كه ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه ئه‌مه‌ریكا ئه‌و ئه‌ركه‌ى له ئه‌ستۆى خۆى گرتووه.
هاوكات بزووتنه‌وه‌ى به‌رگری ئیسلامى فه‌ڵه‌ستینى (حه‌ماس) بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ و گواستنه‌وه‌ى باڵوێزخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا له ته‌لئه‌بیبه‌وه بۆ قودس، به "دوژمنایه‌تییه‌كى ئاشكرای ئه‌مه‌ریكایه دژ به گه‌لى فه‌ڵه‌ستین" ناو برد و داواى له وڵاتانى عه‌ره‌بی و ئیسلامى كرد كه كۆده‌نگ بن و بڕیار دژ به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه بده‌ن.
حه‌ماس داوای كشانه‌وه‌ی دداننان به ئیسرائیل و ره‌تكردنه‌وه‌ى رێككه‌وتنامه‌ى ئۆڵسۆى له فه‌تح و مه‌حموود عه‌باسی سه‌رۆكى فه‌ڵه‌ستین كرد وه‌ك دژایه‌تیكردنى بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ.
هه‌ر دواى بڕیاره‌كه، شه‌وى رابردوو ره‌وه‌ندى فه‌ڵه‌ستینى له ئوردن خۆپیشاندانێكى ناڕه‌زایه‌تییان رێكخست و چه‌ندان دروشمیان دژ به بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ به‌رز كرده‌وه و داوایان له حكوومه‌تى ئوردن كرد كه په‌یماننامه‌ى ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه كه ساڵى 1994 به‌ستوویه‌تى.
میشال عۆن سه‌رۆكى لبنان بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ به بڕیارێكى مه‌ترسیدار ناساند و به هه‌ڕه‌شه‌ی ناو برد له‌سه‌ر متمانه‌ى ئه‌مه‌ریكا وه‌ك وڵاتێكى ناوبژیكه‌ری ئاشتى له ناوچه‌كه‌دا.
عۆن ئاماژه‌ى به‌وه دا، بڕیاره‌كه پرۆسه‌ى ئاشته‌وایی بۆ چه‌ندان ده‌یه گه‌ڕانده‌وه دواوه و به‌مه‌ش سه‌قامگیری ناوچه‌كه و ره‌نگه دنیایش بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه.
هاوكات محه‌مه‌د بن عه‌بدوڕه‌حمان ئال سانى وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ڕ بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپی به له‌سێداره‌دانى هه‌وڵه‌كانى ئاشتى ناساند و پێی وایه ده‌بێته هۆى بارگرژییه‌كى مه‌ترسیدار له ناوچه‌كه‌دا.
لاى خۆیه‌وه وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى میسر له به‌یاننامه‌یه‌كدا سه‌ركۆنه‌ى بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپی كرد و رای گه‌یاند میسر ددان به قودس وه‌ك پایته‌ختى ئیسرائیل نانێت.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه ئوردن كه زۆرترین ئاواره‌ى فه‌ڵه‌ستینى تێیدا نیشته‌جێیه، بڕیاره‌كه‌ى ئه‌مه‌ریكا به بڕیارێكى پووچه‌ڵ له رووى یاسایییه‌وه ناو برد و به دداننان به داگیركاری ئیسرائیل بۆ سه‌ر رۆژهه‌ڵاتى قودسى عه‌ره‌بی ناو برد.
هاوكات وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى سوودان له به‌یاننامه‌یه‌كدا به ته‌واوه‌تى بڕیاری ناساندنى قودسی وه‌ك پایته‌ختى ئیسرائیل له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه ره‌ت كرده‌وه و پێی وایه، ئه‌وه گێچه‌ڵكردنه به هه‌موو ئاینه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ره‌وشى ته‌ناهیی نێوده‌وڵه‌تى. بڕیاره‌كه‌ش به ئاسانى تێناپه‌ڕێت و لێكه‌وته‌ى مه‌ترسیدار به‌دواى خۆیدا ده‌هێنێت.
توركیا و ئێرانیش دژى بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپن
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا سه‌ركۆنه‌ى توندی بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ و ئیداره‌ى ئێسته‌ى ئه‌مه‌ریكای كرد و به بڕیارێكى شه‌رمه‌زاری ناو برد و پێی وایه، ده‌رئه‌نجانى نه‌رێنى به‌دواى خۆیدا ده‌هێنێت.
له به‌یاننامه‌كه‌دا توركیا داواى له ئیداره‌ى كۆشكى سپی ئه‌مه‌ریكى كرد به بڕیاره‌كه‌دا بچنه‌وه، چونكه ئه‌و بڕیاره زیان به هه‌مه‌ڕه‌نگی رۆشنبیری و كولتووری و مێژووى شاره‌كه ده‌هێنێت.
هاوكات شه‌وى رابردوو خۆپیشاندانى ناڕه‌زایه‌تى دژ به بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ، له به‌رده‌م كونسوڵخانه‌ى ئه‌مه‌ریكا له ئیستانبوڵ به‌ڕێوه چوو و خۆپیشانده‌ران به‌ردبارانى كونسوڵخانه‌ی ئه‌مه‌ریكایان كرد.
هاوكات وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێرانیش له به‌یاننامه‌یه‌كدا به توندی سه‌ركۆنه‌ى بڕیاره‌كه‌ى دۆناڵد تره‌مپیان كرد و رای گه‌یاند بڕیاره‌كه پێشێلكردنى بڕیاره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه.
هاوكات دوێنێ چوارشه‌م پێش راگه‌یاندنى بڕیاره‌كه له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا، ئایه‌توڵا عه‌لى خامه‌نه‌یی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامیى ئێران رای گه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا به نیازه كێشه له ناوچه‌كه بنێته‌وه و شه‌ڕێك هه‌ڵگیرسێنێت بۆ پارێزگاریكردن له ئیسرائیل.