دەستەی دەستپاكی كورستان لەبارەی پڕۆژەی لێبوردنی گشتیی هاتە دەنگ " />

پێشتر "وشە" مەترسییەكانی بڵاو كردبووەوە
دەستەی دەستپاكی كورستان لەبارەی پڕۆژەی لێبوردنی گشتیی هاتە دەنگ

:: PM:02:32:07/12/2017 ‌
دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی لێبوردنی گشتیی كە ئێستە لە پەرلەمانی كوردستانە، ڕەت دەكاتەوە و بەنووسراوی فەرمی داوای ڕاگرتنی دەكات، هاوكات ئەو مادە یاسایانەش ڕوون دەكاتەوە كە نابێ‌ گەندەڵكار لێبوردنی گشتیی بیگرێتەوە.

دوای ئەوەی هەفتەنامەی "وشە" ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاشكرای كردبوو كە بەهۆی لێبوردنی گشتییەوە مەترسی هەیە گەندەڵكاران ئازاد بكرێن و پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەكە پەسەند بكات، دەستەی دەستپاكی هاتە دەنگ.

بەپێی نووسراوێكی دەستەی دەستپاكی كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە و واژووی د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستانی لەسەرە، ئاماژە بەوە كراوە كە لێبوردنی گشتیی دیاردەیەكی خراپە و تەنیا لەو وڵاتانە هەیە كە سەروەریی یاسا وەك پێویست نییە، بەشی زۆری ئەو تاوانبارانەی لێبوردنیان بۆ دەكرێ‌ دەگەڕێنەوە سەر تاوانەكانی خۆیان.

نووسراوەكەی دەستەی دەستپاكی تێیدا هاتووە، لەبارەی تاوانەكانی گەندەڵی كە مادەی یەكەم/ بڕگەی حەوتەم و مادەی چوارەم و 15ی یاسای دەستەی دەستپاكی ژمارە سێ‌ی ساڵی 2011 هەموار كراوەتەوە، بۆیە داواكارین لە ئەگەری پەسەندكردنی پڕۆژەی لێبوردنی گشتیی گەندەڵكاران هاوێر بكرێن و ئەگەر بەپێچەوانەوە بێ‌، ئەوە هەنادەر دەبێ‌ بۆ هاندەرێكی گەندەڵی و ماندووبوونی دەزگە پێوەندیدارەكانیش بۆ بەرەنگاری گەندەڵی لە كاركردن سارد دەكاتەوە.

موشیر رەشید ئیبراهیم بەڕێوەبەری یاسایی لە دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دەبێ‌ ئەوانەی لەسەر گەندەڵی دەگیرێن یان تاوانبارن، لێبوردنی گشتیی نەیانگرێتەوە و ئەو نووسراوەیش ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كراوە.

پڕۆژەی لێبوردنی گشتیی ئێستە لە پەرلەمانی كوردستان كاری لەسەر دەكرێت و بەپێی بەداوادچوونەكانی "وشە"، تاوانی گەندەڵی وەك تاوان لە پڕۆژەكەدا هەژمار نەكراوە، تەنیا دزینی پارەی گشتیی لێبوردن نایگرێتەوە.

نووسراوەكانی دەستەی دەستپاكی:







وشە - سه‌رخێڵ هاشم