بارزانی و نوجەیفی پێداگری لە چارەسەركردنی كێشەكان لەڕێی گفتوگۆ دەكەن

:: PM:02:57:07/12/2017 ‌
سەرۆك مەسعوود بارزانی ئەمڕۆ پێشوازی لە جێگری سەرۆك كۆماری عێراق كرد و هەردوولا دووپاتیان لەوە كردەوە كە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، نابێت لە رێی زمانی زبر و فەرزی ئەمری واقیع یەكلا بكرێتەوە، بەڵكو دەبێت سەرجەم كێشەكان لەڕێی گفتوگۆ و دانیشتن چارە بكرێت.

رۆژی پێنجشەم حەوتی كانوونی یەكەم، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق كرد، لە دیدارەكەدا كە فازڵ میرانی سكرتێر و هۆشیار زێباری و ئازاد بەرواری ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادە بوون، بارودۆخی سیاسیی نێودەوڵەتی و عێراق و ناوچەكە خرایە بەرباس و گفتوگۆ و رۆشنایی خرایە سەر رەوشی ئاوارەكان و بارودۆخی شاری مووسڵ.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، پێوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و  پرۆسەی سیاسی عێراق و دواڕۆژی ژیانی سیاسیی پێكهاتەكان لە عێراق، هەروەها كێشە و بەرەنگاریی ناو پرۆسەی سیاسی تاوتوێ كرا و هەردوولا دووپاتیان لەوە كردەوە كە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا نابێت لە رێی زمانی زبر و فەرزی ئەمری واقیع یەكلا بكرێتەوە، بەڵكو دەبێت سەرجەم كێشەكان لەڕێی گفتوگۆ و دانیشتن چارەسەر بكرێت.

بارزانی و نوجەیفی لەسەر ئەوەش هاوڕا بوون كە چارەكردنی كێشەكان و تێپەڕاندنی بەرەنگاری و رێگەگرتن لە قووڵبوونەوەی تەنگژەكان پێویستی بە هاوئاهەنگی و لێك تێگەیشتن و كاری هاوبەشی لایەنەكان هەیە.



وشە - رامیار جەواد