وەزارەتی پەروەردە لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڕیارێك دەردەكات

:: PM:03:26:07/12/2017 ‌
وەزارەتی‌ پەروەردە حكوومەتی هەریمی كوردستان پەیامێك ئاراستەی‌ سەرجەم پەروەردەكان لە پارێزگاكانی‌ هەرێمی كوردستان دەكات و دووپات دەكاتەوە، نابێت لەمەودوا هیچ نووسراوێكی‌ فەرمی و ناوەڕۆكی‌ هیچ كۆبوونەوەیەكیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ئاشكرا بكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی كانوونی یەكەم، وەزارەتی‌ پەروەردە بەنووسراوی‌ فەرمی‌ گشتاندنی‌ بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی‌ پەروەردەی‌ (هەولێر، سلێمانی‌، دهۆك، گەرمیان و هەڵەبجە) كردووە و ئاگەداری‌ سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی‌ سەربە وەزارەتەكەی‌ كردووە، نابێت چیتر نووسراو و ناوەڕۆكی‌ كۆبوونەوەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو بكەنەوە.

لە بەشێكی گشتاندنەكە هاتووە، تەنیا بەڕێوەبەرایەتیی‌ راگەیاندنی‌ وەزارەتی‌ پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی‌ پەروەردە گشتییەكان بۆیان هەیە نووسراوی‌ فەرمی‌ و ناوەڕۆكی‌ كۆبوونەوەكان بڵاو بكەنەوە، بەپێچەوانەوە كەسەكان خۆیان بەرپرسیار دەبن.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە پێشتر چەند نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردە لە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرانەوە وەك نەمانی پشووی شەموو لە دوای تاقیكردنەوەی وەرزی یەكەمی قوتابییان كە وای كرد مامۆستایان و فەرمانبەران ناڕەزایەتی دەرببڕن.

هەرێمی كوردستان زیاتر لە ملیۆنێك و 500 هەزار قوتابی و خوێندكار لە باخچەی ساوایان و بنەڕەتی و ئامادەیی و پەیمانگەكان و خوێندنی پیشەیی هەیە و نزیكەی 150 هەزار مامۆستاشی هەیە.





وشە - رامیار جەواد