وەزارەتی پێشمەرگە: تا بەغدا بیر لە بەكارهێنانی هێز لە دژی كورد بكاتەوە كێشەكان چارەسەر نابن
بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، تا ئێستە هیچ رێككەوتنێكی سیاسی و سەربازی لە نێوان هەولێر و بەغدا نەكراوە و تا بەغداش بیر لە بەكارهێنانی هێز لە دژی كورد بكاتەوە، كێشەكان چارەسەر نابن.
ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی كانوونی یەكەم، هەڵگورد حیكمەت بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی تایبەت بە پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە جێناكۆكەكان رای گەیاند، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر هێڵە بۆئەوەی دەرگەی گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا بە داخراوی نەمێنێتەوە، بەڵام تا ئێستە هیچ رێككەوتنێكی سیاسی و سەربازی لە نێوان هەولێر و بەغدا نەكراوە.
زیاتر گوتی، لە بەغدا بابەتی چارەسەر نەكردنی كێشەی كورد بووەتە كاڵایەك كە لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاری دێنن، بەجۆرێك كام لایەن زیاتر ئەزیەتی كورد بدات، دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنەكان بەدەست دێنێت.
هەڵگورد حیكمەت ڕای گەیاند، تا بەغدا بیر لە چارەسەری سەربازی و بەكارهێنانی هێز لە دژی كورد بكاتەوە، كێشەكان چارەسەر نابن.
بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕوونی كردەوە كە قسەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە سەر شاشەكانی تەلەڤزیۆن تەنیا لێدوانن و هیچی نەبووە بە كردار، بەڵام پێویست ئەوەیە كە دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.
لێدوانی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە لەكاتێكدایە كە تا ئێستە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ڕوونی سیاسی و سەربازی و ئابوورییەوە بەردەوامی هەیە و چەندانجار هەرێم داوای چارەسەری لە ڕێگەی گفتوگۆوە كردووە، بەڵام بەغدا ئامادەیی پێشان نەداوە.
وشە -
سهرخێڵ هاشم