ئاماری كۆتایی شەهید و بریندارانی كەمپی مەخموور ڕاگەیەندرا

:: PM:04:44:07/12/2017 ‌
ئێوارەی دوێنێ‌ بەهۆی هێرشێك بۆ سەر كەمپی مەخمووری ئاوارەكانی باكوری كوردستان، ژمارەیەك هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون، بەرپرسێكی شارۆكەكەش دەڵێت تا ئێستە نەزانراوە شێوازی ڕووداوەكە چۆن بووە. 

ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی كانوونی یەكەم، میدیاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان ناسراو بە "پەكەكە"، بڵاویان كردووەتەوە بەهۆی ئەو هێرشە موشەكییەی ئێوارەی دوێنێ كرایە سەر كەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور، پێنج ئەندامی هێزەكانی پاراستنی كامپەكە شەهید بوون و سیانی تریش بریندار بوون.
 
لە هەواڵەكەدا هاتووە، ئەو هێرشەی هێرشێكی موشەكی بووە، هەروەها بریندارەكانی ئەو هێرشە هێشتە لە نەخۆشخانەی پاری هەولێرن و لەوێ چارەسەری پزیشكییان بۆ دەكرێت.

قایمقامی مەخموور بۆ "وشە" گوتی، تا ئێستە دیار نییە ئەو تەقینەوەیە خۆكوژی یان ئۆتۆمبێل یان بۆمبی چێنراو بووە، ئەوەی بەر پرسانی كەمپەكە پێیان ڕاگەیاندین ئەوەیە كە شەهید و برینداریان هەیە.

رزگار ئاشكرای كرد تا ئێستە هیچ شتێكی تر لەسەر تەقینەوەكە نییە، بۆیە چاوەڕوانین بەرپرسانی كەمپەكە خۆیان زیان و سەرچاوەی تەقینەوەكە ئاشكرا بكەن.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، دوای هێنانی بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە، یەكێك لە بریندارەكان بەهۆی سەختی برینەكەی شەوی ڕابردوو گیانی لە دەست دا.

كەمپی ئاوارەكانی لە شارۆكەی مەخموور لە ساڵی 1994 دامەزراوە و خۆیان ئیدارەی خۆیان دەكەن و ساڵی پاریش تەقینەوەیەك ڕووی دا و دواتر دەركەوت كە بەهۆی ئەوەی كچ و كوڕێك هەوڵی ڕاكردنییان دابوو كە خۆشەویستی یەكترن، لەلایەن بەرپرسانی پارتی كرێكارانی كوردستان ناسراو بە پەكەكە تەقێندرابوونەوە.



وشە - رامیار جەواد