كوێستان و خۆشەویستەكەی بە تاوانی كوشتن حوكمی لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو

:: PM:05:04:07/12/2017 ‌
ژنێكی تەمەن 38 ساڵ لەگەڵ خۆشەویستەكەیدا بە تاوانی كوشتنی مێردەكەی دەگیرێن و دادگا حوكمی لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنێت، ئەو ژنە ئێستە لە گرتووخانەی چاكسازی سلیمانییە و لەگەڵ ئەو كوڕەی كە تاوانەكەیان لەسەر سەلمێنراوە، لە یەكتر مارەكراون و ئەوان هیوایان بەوە هەیە كە ڕۆژێك ئازاد دەكرێن و دەتواننن ژیانێكی نوێ دەست پێ بكەن.

كوێستان، ژنێكی باڵابەرزی ئاكارجوانی پێست سپی قژ رەشی چاو و برۆ ڕەشە، ڕوخساری ئارامبەخش و ناخی پڕاو پڕ لە گێژاوی ئەو خەمانەی بەروونی دەردەخست كە ماوەی 14 ساڵی هاوسەرگیری لەگەل (عوسمان) چەشتبووی، ئەو كە خۆی بە بێ تاوان دەزانێت، دەیەوێت چیڕۆكی ژیانە تاڵەكەی بەگوێی هەموو كەس بگات، هەر بۆیە لە "وشە" وە چیڕۆكی ژیانی لەگەڵ هاوسەرەكەی و چۆنیەتی مردنی باس دەكات و دەڵێت"من بێتاوانم و مێردەكەم خۆی حەشیش خۆربوو، ئەو شەوە زۆری خواردبووەوە، بۆیە مردووە".

كوێستان دەست بە گێڕانەوەی چیڕۆكەكەی دەكات و دەڵێ‌، تەمەنم 16 ساڵ بوو بە شوویاندام، بێ ئەوەی بیناسم و قەت بینیبیشم لە یەكەم شەودا دوای ئەوەی كردمی بە ژن و پەڕۆ بە خوێنەكەی لوول كرد و گوتی بەیانی پێشانی هەمووانی بدە بابزانن چەند پیاوم، دواتر بە شەق و زلە كەوتە گیانم و تا هێزی تێداما لیی دام، گوتی ژن ئەگەر لە شەوی یەكەم لێی نەدەی قەدرت نازانێ.

زیاتر دەڵێ، هەر لەو شەوەوە ژیانم فەوتا، نە ڕیگەیدا من هەفتانە بچمەوە ماڵی باوكم و نە هێشتی ماڵی باوكم و كەسوكارم بێنە لام، بەڵێنی ماڵی جیای دابوو بۆی نەكرد، دوای مانگێك پێی گوتم ئەگەر سكت نەبێت دەتكوژم، خوا ڕەحمی پێكردم دوای دوومانگ دووگیان بووم، دوای لە دایكبوونی یەكەم كوڕم بە سێ هەفتە منی لە چەمچەماڵەوە بردە گوندێك كە شەش سەعات لە قادر كەرەمەوە دوورە و چەند ماڵێكی كەمی لێ بوو، بێ كارابا و بێ هەموو خزمەتگوزاری بوو.

كوێستان لەگەڵ كوڕەكەی و هاوسەرەكەیدا ماوەی دووساڵ لەو گوندە دوورە دەستە دەمێنەوە، لەو ماوەیەدا هیچ كەس نە لە كەسوكاری خۆی و نە لە كەسوكاری هاوسەرەكەی سەردانی نەكردوون، تەنیا یەكجار باوكی كوێستان سەردانی كردوون، لەو سەردانەی باوكیشیدا وەك كوێستان باسی دەكات، لەگەڵ (عوسمان) دەبێت بە شەڕیان و تەنانەت كار دەگاتە ئەوەی لەیەكتریش دەدەن.

 كوێستان لە گێڕانەوەی ئەو ڕۆژەدا دلێ پڕ بوو و بە دەنگ گریا و گوتی، قەت ئەو كاتەم بیر ناچێت كە لایتێكی شەحنی گرتە باوكم و سەری شكاند، خوێن بە سەر و ڕیشی سپی  پیرۆزی باوكمدا هاتووەتە خوارێ.

من لەو گوندە وەك شوان و شوانداری مەر ِو ماڵاتم دەكرد، تەمەنم 18 ساڵ بوو، 300 سەر مەڕ و ماڵاتم بەڕێوە دەبرد و  كاری كشتوكاڵیشم دەكرد، عوسمانیش شتێكی بە دڵ نەبوایە دەكەوتە گیانی من و بە دار لێی دەدام، بەجۆرێك چەند شەو من و منداڵەكەم لە گەوڕ دەماینەوە لە ترسی شەڕ و لێدانی عوسمان، ئەوەی لەو ماوەیە بەمنی كرد دوژمن بە دوژمنی ناكات، كوێستانی تەمەن 18 ساڵ وا دەڵێ‌.


لە درێژەی قسەكانیدا كوێستان دەڵێت، كاتێك گەڕاونەتەوە بۆ چەمچەماڵ منداڵەكەی وەك ئەوەی مرۆڤ نەبێ وابوو، هەموو شتێكی پێ نامۆ بووە و ئەوەی دیبووی بەو منداڵییە تەنیا لێدانی باوكی بوو لەگەڵ ئەو مەڕ و ماڵاتەی بەخێومان دەكرد، دوای گەڕانەوەیان بۆ چەمچەماڵ  (كوێستان و عوسمان) حەوت جاری تر ماڵیان بۆ چەند شار و شارۆكەی جیاواز دەگوازنەوە، ئەو دەڵێت"عوسمان پیاوێكی شەڕانی بوو نەیدەتوانی نە كار بكات نە لەگەڵ خەڵك بە باشی مامەڵە بكات.

دووجاری تر عوسمان بە دەمانچەوە بەسەر ماڵی باوكی كوێستاندا دەدات، دەگیرێت و  دواتر ئازاد دەكرێت، چوارجاریش كوێستان لە یەكێتی ژنانی سلێمانی سكاڵا لەسەر عوسمان تۆمار دەكات و هەموو جارەكانیش بەڵێننامەی پێ پڕ دەكرێتەوە، لە بنكەی پۆلیسی چەمچەماڵ و كەلاریش داوای لەسەر تۆمار كراوە. كوێستان دەڵێت، هەموو ئەوانە شایەتن بۆ خراپی و دڕندەیی مێردەكەی.

لێرەوە چیڕۆكەكەی كوێستان دەست پێ دەكاتەوە و دەڵێ، دواجار ماڵمان بردە كەركووك، لەوێ خانوویەكمان گرت لەناو بازاڕ كە دووكانێكی لەناودا بوو و من دووكانی خەیاتیم دانا بۆ ئەوەی ژیانی خۆم و منداڵەكانی پی بڕوێنم، لە كەركووك (عوسمان) شەوێك بە سەرخۆشی كردی بەشەڕ لەگەڵم و لەخۆم و منداڵكانمی دا، سەر و چاوی منی تەقاندوو دەری كردینە دەرەوە، لە دووكانی كوڕێك ماینەوە ناوی (دلێرە)، ئەو بەزەیی پێماندا هاتەوە و لەو شەوەوە بوو بە هاوڕێم، جگە لەو شەوە هەزاران جار ژیانی من و منداڵەكانمی لە مردن ڕزگار كرد.

كوێستان ئاوا باسی ئەو شەوە دەكات كە مێردەكەی تێدا مرد و ئاشكرای كرد، عوسمان هەر لە ئێوارەوە ڕۆیشتە یانەی كۆمەڵایەتی  و سەعات دووی شەو هاتەوە، كە هاتەوە حاڵی باش نەبوو هەموو گیانی شین ببوو هەڵدەلەرزی، هێزم نەبوو هەڵی گرم، هاوارم بۆ دراوسێ دوكانەكانمان برد كەس نەهات، نانەواخانەیەك لێمان نزیك بوو زۆر لێی پاڕامەوە نەهات لەگەڵم گوتی، مێردەكەت شایەنی ئەوەیە وەك سەگ بتۆپێ، بەڵام لەبەر خاتری خوا و تۆ پێوەندی دەكەم بە نەخۆشخانە تا ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن بنێرن.

ئەوشەوە لە نەخۆشخانە عوسمان گیانی لە دەست دەدات و بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی ژەهراوی كراوە و شوێنی لێدان بە جەستەیەوە هەبووە، كوێستان دەڵێت كە ئەو بێ تاوانە و ئاگەداری هێچ نەبووە، تەنیا مێردەكەی بە زۆرخواردنەوەی كحول و حەشیشەوە مردووە، بەڵام دوای حەوت شەو لە ئەشكەنجەدان خۆی و دلێر تاوانەكەیان خستووەتە ئەستۆی خۆیان و حوكمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام بەهۆی جێبەجێ نەكردنی ئەو بڕیارەوە، حوكمەكەیان گۆڕاوە بۆ بەندكردنی تاهەتایی.

هەولێر/ ئیڤان عەبدورەحمان
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم