كونسوڵخانەی فەڵەستین لە هەولێر: بڕیارەكەی تڕەمپ دوژمنكارییە

:: PM:05:59:07/12/2017 ‌

دوێنێ چوارشەم دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری دا كە باڵوێزخانەی وڵاتەكەی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس بگوازێتەوە، بەوەش هەنگاوێكی گەورەی بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیل هاوێشت، هاوكات بۆ فەڵەستین كارەسات بوو، لەو ناوەدا كونسوڵخانەی گشتیی فەڵەستین لە هەولێر بڕیارەكەی بە دوژمنكارانە لە بەرانبەر گەلی فەڵەستین دانا.

دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی كرد كە كار بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا بە فەرمی بۆ شاری قودس بكات، بەوەش هەنگاوێكی هاوێشت كە سەرۆكانی پێشووی ئەمەریكا نەیتوانی بیكەن.

بەپێی بەیاننامەیەكی كونسوڵخانەی گشتیی فەڵەستین لە هەولێر كە ئەمڕۆ پێجشەم بڵاو كرایەوە و وێنەیەكی گەیشتە "وشە، تیایدا هاتووە، بڕیارەكەی دوێنێی سەرۆكی ئەمەریكا بە داننان بە قودس وەك پایەتەختی دەوڵەتی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا بۆ ئەو شارە، كارێكی دوژمنكارانەیە لەدژی گەلی فەڵەستین و نەتەوەی عەرەب و ئیسلامی و مەسیحی و هەموو ئاشتیخوازانی دنیا.

زیاتر هاتووە، ئەوەی بڕیارەكەی داوە ئەگەر سەرۆكی ئەمەریكاش بێت مافی ئەو ئیدارەكەی نییە بە پێشێلكردنی بڕیار و یاساكانی نێودەوڵەتی كە وەك شارێكی داگیركراو مامەڵە لەگەڵ قودس دەكەن. هەروەها هیچ كام لە بڕیارەكانی شەرعی نێودەوڵەتی لە كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و "یۆنسكۆ" و دانیان بە شەرعیەتی داگیركاری ئیسرائیل بۆ قودس نەناوە، داواشیان كردووە كە هەموو چالاكییەكان بۆ گۆڕانكاری لە شارەكە هەڵبوەشێتەوە.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ئەو بڕیارەی ترەمپ تاوانە لەدژی ئاشتی و ئامرازێكیشە بۆ نانەوەی دووبەرەكی و چاندنی قین لە نێوان گەلان و ئاینەكانەوە و بەوەش ئەمەریكا وەك چاودێری پڕۆسەی ئاشتی نامێنێت و دەبێتە دوژمنی گەلی فەڵەستین، بۆیە دووپاتی دەكەینەوە كە گەل و سەركردایەتی فەڵەستین و رێكخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین وەك نوێنەرانی شەرعی گەلی فەڵەستین باوەڕیان بە خەباتی نیشتیمانی و پڕۆژەی مافی چارەیخۆنووسین هەیە. لێرەشەوە ستایشی رۆڵی ئەوانە دەكەین كە بڕیارەكەیان سەركۆنە كردووە و رەتی دەكەنەوە.
 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل