لە خورماتوو رێگری لە بەدواداچوونی پێشێلكاریی میلیشیاكان ده‌كرێت

:: PM:07:02:07/12/2017 ‌
شاندێكی نەتەوە یەكگرتووەكان لە خورماتوو لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە رێگریان لێ‌ دەكرێت كە بەدواداچوون بۆ پێشێلكاریی میلیشیاكان لەو سنوورەدا بكەن و ڕێگە نادرێ‌ سەردانی هەندێك ناوچەی سنوورەكە بكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی كانوونی یەكەم، شاندێكی نەتەوە یەكگرتووەكان بە مەبەستی بەدواداچوون لەسەر پێشێلكاری میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەرانبەر كوردەكان، سەردانی ئەو سنوورە دەكەن و بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست "وشە" كەوتووە، لەگەڵ چەند كەسێكی حەشدی شەعبی كۆبوونەوەیان كردووە و زانیاری هەڵەیان لەبارەی رەوشی خورماتوو پێ دراوە.

لەبارەی سەردانی شاندەكە محەمەد فایەق بەرپرسی پێشووی ڕاگەیاندنی شارۆكەی خورماتوو زانیارییەكانی "وشە"ی پشتڕاست كردەوە و ڕای گەیاند، لەكاتی سەردانی شاندەكە سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆكەكە لەگەڵیاندا كۆبووەتەوە و پشتگری توركمانەكانی كردووە و سەرجەم پێشێلكارییەكانیشی خستووەتە ئەستۆی كوردەكان.

بەگوێرەی قسەی محەمەد فایەق، ڕێگە نەدراوە ئەو شاندەی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی بازاڕی كۆماری و گەرەكی كۆماری و رزگاری و بكەن، تا دیمەكانی سووتاند و كاولكاری بەدەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی نەبینن.

ئەو بەرپرسەی پێشووی خورماتوو نیگەرانی لەو دۆخە پێشان دا و ڕای گەیاند، پێویستە كورد هەڵوێستی ڕژدتری هەبێ‌ لەبارەی خورماتووەوە، چونكە ئەگەر بەم شێوەیە بێ‌ ئەوە پێشێلكارییەكان زیاتر دەبن و كوردی زیاتر ئاوارە و دەربەدەر دەبن.

سەردانی شاندەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان دوا بەدوای مانگرتی چەند ڕۆژی خەڵكی خورماتوو دێت لەبەردەم بارەگەی نەتەوە یەكگرتووەكان كە ڕایان گەیاندبوو، پێویستە نەتەوەیەكگرتووەكان هەڵوێستی لەبارەی خورماتوو هەبێت و بە هانای كوردەكانەوە بێت.

خورماتوو یەكێكە لەو شوێنانەی لە ئەنجامی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە داگیر كرا و خەڵكەكەی ئاوارە بوون و تا ئێستە نەگەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان و پێشێلكاری لە سووتان و رووخاندن و بەتاڵانبردنی خانووی كوردەكانیش بەردەوامە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم