17 گوندی ئەنفالكراوی گەرمیان بێ كارەبای نیشتیمانین

:: PM:07:36:07/12/2017 ‌
  
ئەمڕۆ هاووڵاتییانی ژمارەیەك گوندی سنووری ئیدارەی گەرمیان، بەهۆی رانەكێشانی كارەبای نیشتیمانی بۆ گوندەكانیان، خۆپێشاندانیان ئەنجام دا، كە پێشتر لەلاییەن جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بەڵێنی راكێشانی كارەبایان پێ درابوو.
 
كامل حوسێن، یەكێك لە نوێنەری گوندنشینانی سنووری شارەدێی ئاوەسپی، سەر بە شارۆكەی كفری بۆ"وشە" ئاماژەی دا، گوندەكانی سنووری ئاوەسپی، بەتایبەت (بەكرە گەڕە) و (سپی سەر) و (مەلا ئۆمەر)، بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتوون لەگەڵ 14 گوندی تر و هێشتە كارەبای نیشتمانییان نییە.
 
زیاتر گوتی، ئەمساڵ جێگری سەرۆكی حكوومەت بەڵێنی دا ئەو كێشەمان بۆ چارەسەر بكات، بەڵام ئەو گرفتە چارەسەر نەكراوە.
 
سامان سلێمان یەكێك لە خۆپێشاندەران بۆ"وشە" پێداگری لەسەر ئەوە كرد كە دەیان گوندی گەرمیان كارەبای بۆ راكێشراوە، كەچی ئەو گوندانەی ئاوەسپی، كە 17 گوند دەبن، سەرباری ئەوەی بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتن، كەچی بێكارەباین.
 
روونی كردەوە، ئەوە جاری دووەمە لەماوەی ئەمساڵدا خۆپێشاندانی هێمنانە بۆ ئەو مەبەستە دەكەین، كەچی دەسەڵاتدارانی ناوچەكە نایەن بەهانامانەوە.
 عەزیز محەمەد، بەڕێوەبەری شارەدێی ئاوەسپی بە"وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ لە28/2 وەوە لەكاتی بەشارۆكەبوونی كەلار، داواكاری ئەو گوندانەمان گەیاندە جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوكاتەی سەردانی گەرمیانی كرد، ئەویش بەڵێنی دا ئەو گرفتە چارەسەر بكات بە راكێشانی كارەبا بۆئەو گوندانە، بەڵام پاش 10 مانگ هەر لە چاوەڕوانیداین.
 
زیاتر گوتی، ماوەی 10 مانگە زیاتر لە جارێك دەرخستەمان ئاراستەی وەزارەتی كارەبا كردووە، بەڵام لەو رووەوە هیچ هەنگاوێك نەنراوە. ئاماژەی كرد، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای گەرمیانمان ئاگەدار كردەوە و خۆشیان هاتوون بۆ ناوچەكە و لە نزیكەوە ئاگایان لە گرفتی ئەو خەڵكە بووە، بۆیە دەبێت ئەو گرفتە چارەسەر بكرێت.

شارەدێی ئاوەسپی لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە شارۆكەی كفریە و 32 گوندی لەسەرە و لە ساڵی 1988دا بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتووە و لەپاش راپەڕینی 1991 ئاوەدان كراونەتەوە، بەڵام تا ئێستە 12 گوندی بێكارەبایە.
 
گەرمیان/ سەبری هۆرینی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل