وەزارەتی بەرگری رووسیا: تەواوی خاكی سووریا لە داعش رزگار كرا

:: PM:07:39:07/12/2017 ‌

وەزارەتی بەرگری رووسیا رای گەیاند كە سوپای رووسیا ئەركە گرنگەكەی لە سووریا ئەنجام داوە و تەواوی ئەم وڵاتەی لە داعش رزگار كردووە.

 جەنەڕال سێرگی رۆدسكۆی لە سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای رووسیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند، ئەركی سوپای رووسیا لە تێكشكاندنی رێكخراوی داعش تەواو بوو، جیا لەوەش گوتی، هیچ شارۆكە و ناوچەیەكی سووریا نەماوە لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بێت". دووپاتی كردووە، تەواوی خاكی سووریا لە رێكخراوی داعش ئازاد كراوەتەوە. 

بەپێی زانیارییەكانی ئەم جەنەڕالە، دوایین بۆردومانی ئاسمانی لەم چەند رۆژەی رابردوو لە ئەلبووكەمال ئەنجام دراوە، كە دوایین شاری گەورە بوو لەژێر دەسەڵاتی داعش مابوو، ئاماژەشی بەوە كردووە كە فڕۆكە رووسییەكان رۆژانە زیاتر لە 100 فڕین و 250 لێدانیان ئەنجام داوە.
 
ئەم زانیاریانەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە كاتێكدا دێت، كە روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێ‌، هێشتە لە %8ی پارێزگای دێرزوور لە رۆژهەڵات لە دەستی داعش ماوە، كە چەند مانگێك پێشتر بە تەواوی لەژێر دەسەڵاتی ئەم رێكخراوە تیرۆرستییەدا بوو.
 
 رووسیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە هێزەكانی  لە سووریا لەدژی داعش دەجەنگێت و لە هەمان كاتیشدا پشتگیری لە رژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا دەكات.

سەرچاوە/ فڕانس پرێس





وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل