حكوومه‌ت چاكسازییه‌كانی بۆ كونسوڵی وڵاتان ڕوون ده‌كاته‌وه‌

:: PM:06:30:14/11/2016 ‌

جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كاد له‌گه‌ڵ كونسوڵی وڵاتان، پرۆسەی تۆماركردنی مووچەخۆران لە سیستەمی ئەلیكترۆنی و چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی تری خسته‌ ڕوو.

به‌پێی ڕاگه‌یاندراوی سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ت، ئەمڕۆ دووشه‌م، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، له‌گه‌ڵ کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی جیهان لە هەرێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ و تێیدا تیشك خراوه‌ته‌ سەر هەنگاوەكانی چاكسازی حكومەت و بەتایبەت پرۆسەی تۆماركردنی مووچەخۆران لە سیستەمی ئەلیكترۆنی (بایۆمەتری).

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ بە ئامادەبوونی فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندیەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئه‌نجام دراوه‌، جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، سەرباری هەموو قەیرانەكان حكومەتی هەرێم دەستی كردووە بە جێبەجێكردنی ئەو پلانانەی بۆ چاكسازی و دەربازبوون لە قەیرانەكان دایرشتبوون و ئێسته‌ لە قۆناغی جێبەجێکرنداین.

ئەوەشی خستەڕوو كاری حكومەتی هەرێمی كوردستان خزمەتكردن و گێرانەوەی مافە بۆ خاوەن مافەكان و دابین كردنی قوت و مووچەی هاوڵاتیانە كە لە ئێستادا ئەمە ئەولەویەتی حكومەتە و هەموو توانایەكمان خستۆتە گەڕ بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە ".

سەبارەت بە تۆماركردنی مووچەخۆران لە سیستەمیکی ئەلیكترۆنی (بایۆمەتری) قوباد تاڵەبانی دووپاتیكردەوە چاكسازی دارایی كۆڵەكەی سەرەكی دەربازبوونە لە قەیرانی دارایی و رێكخستنەوەی سیستەمی ئیداری لە هەرێمی کوردستان. پڕۆسەی تۆماركردنی مووچەخۆران هەنگاوێكی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە" .


هەر لەمیانی باس كردنی لەبارەی گرنگی ئەو پرۆسەیە ئاماژەی بەوەدا كە : ئەم پڕۆسەیە پڕۆژەیەكی ستراتیجی نیشتمانیە و بەجێبەجێ‌ كردنی ئەو سیستەمە ئەلیكترۆنیە دەبینە خاوەن داتایەكی ڕاست و ڕەوا کە لەڕێیەوە دەتوانین میلاكات رێكبخەینەوە وناعەدالەتی و دوو مووچەی نایاسایی بنبر بكەین.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد چاكسازیەكانی حكوومەت هەموو سێكتەرەكان دەگرێتەوە تاوەكو سیستەمێكی بەڕێوەبردنی تەندروست و شایستە بەم میللەتە بخەینەگەڕ".

جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە هاوشانی هەموو چاكسازیەكانی تر خەریکی باشترکردنی ئەرکەکانی وەزارەتی دارایین ئەوەشی خستەڕوو لەوەزارەتی دارایی دەستمان كردووە بە داڕشتنەوەی هەیكەلیەتی کاری ئەو وەزارەتە و رێكخستنەوەی سیستمی گومرك و باج و هەموو ئەو سێكتەرانەی پەیوەستن بە داهات و خەرجی حكوومەتەوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی باشتر لە رابردوو ئەو وەزارەتە ئەركەكانی خۆی جێبەجێ‌ بكات".

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە كەرتی كارەباش كرد و دووپاتیكردوەوە ساڵانە بڕێكی زۆر پارە و سوتەمەنی لەو كەرتەدا خەرج دەكرێت بێ ئەوەی هیچ هاوسەنگیەك لە نێوان بڕی تێچوو و داهاتی ئەو كەرتە هەبێت". بۆ چاکسازیش لە سێکتەری کارەبادا وتی " لە ئێستادا لەگەڵ تیمێكی بانكی نێودەوڵەتی خەریكی جێبەجێ‌ كردنی پلانێكین بۆ رێكخستن و ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان خەرجی و داهاتی ئەو وەزارەتە و باشكردنیشی لە رووی پێدانی كارەبا بە هاولاتیان".

لای خۆشیەوە، بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندیەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ستایشی وڵاتانی جیهانی کرد لە هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم و بەگرنگیەوە باسی ڕۆڵی وڵاتان کرد بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان بەتایبەت لە هاوکاری سەربازی لە شەڕی دژ بە داعش و هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێم. هەروەها سوپاسی وڵاتانی جیهان كرد کە هەمیشە پاڵپشتمان بوون بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بەسەر ئاستەنگەکان زاڵ بێت و لە هەموو ناخۆشیەكان دەرباز بێت.


وشە - كوردۆ شابان