لە كەركووك هێرش دەكرێتە سەر هێزەكانی عێراق

:: PM:11:08:07/12/2017 ‌

بەپێی سەرچاوە تەناهییەكان ئەمڕۆ پێنجشەم لە شاری كەركووك هێرش كرایە سەر بارەگەیەكی هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق لە ناوەڕاستی شارەكە.

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو كە هێزەكانی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە یارمەتی ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی و سەركردەی سیاسی هێزێكی كوردستان، هێرشیان كردە سەر پارێزگەی كەركووك و ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكان و كۆنترۆڵیان كرد، لەو ساتەوە پێشێلكاری دەستی پێ كردووە و لە بەرامبەردا هێزە خۆبەخشەكان شەوانە چالاكی لەدژی هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی ئەنجام دەدەن.

بەپێی سەرچاوەكە ژمارەیەك چەكدار بە چەكی ئاسایی و ئار پی جی و بۆمبی دەستی، بارەگەی فەوجی سەڵاحەدینی سەر بە هێزەكانی دژەتیرۆری عێراقیان لە ناوچەی ئەڵماس لە نزیك سوق مەركەزی و پردی رەحیماوە لە ناوەڕاستی كەركووك كردە ئامانج.

زیاتر گوتی، چەكدارەكان لەناو ئۆتۆمبێلێك بوون و دوای كردەوەكە هەڵاتوون و هیچ زیانێكیش بەو هۆیەوە رووی نەداوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم كەمال كەركووكی فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگە رای گەیاند، لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە كە گرووپە بە خەیانەت گۆشكراوەكە كەركووكی رادەستی داگیركەران كردووە، رۆڵەكانی كەركووك نەیانهێشتووە داگیركەرانی ئەمجارەش هەناسەی ئاسوودەیی هەڵكێشن و كەمتر شەو و رۆژی وا بووە بە بێ چالاكی تۆڵەستێنانەی خۆبەخشەكانی شار، تێ پەڕ بووبێ.

بەرپرسەكەی پارتی لە كۆتادا دەڵێ‌، ئەوەی هەیە تەنیا كاتی و مەسەلەی كاتە، كەركووك جارێكی تریش ئاڵای پیرۆزی كوردستان لە سەر قەڵا دێرینەكەی بە شەكاوەیی دەبینێتەوە.

سەچاوە: بەغداد تودەی 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل