دەستەی دەستپاكی ناوی تۆمەتبارانی گەندەڵی بڵاو دەكاتەوە

:: PM:12:09:08/12/2017 ‌
دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان ژمارەی دۆسییەكانی گەندەڵی كە لەبەردەستیاندایە ئاشكرای دەكات و ڕاپۆرتێكیش لەوبارەیەوە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.

ساڵانە لە ڕۆژی جیهانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان ئاماری دۆسییەكانی گەندەڵی ئاشكرا دەكات و لەوبارەیەوە د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیارە لە ڕۆژی جیهانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئاماری دۆسییەكانی گەندەڵی لەماوەی ئەمساڵدا بڵاو بكەینەوە.

ڕوونی كردەوە كە هەموو ساڵێك لە ڕۆژی نۆی كانوونی یەكەم یادی رۆژی جیهانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەكرێتەوە و بۆ ئەمساڵیش لە دەستەكەدا ئامادەكاری كراوە كە ڕۆژی یەكشەم ئامارەكان بڵاو بكەینەوە.

ئاماژەی بەوەكرد كە ساڵانە دوو ڕاپۆرت لەبارەی كارو چالاكییەكانیان ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان دەكەن و ئەمساڵیش بە هەمان شێوە كۆتای ساڵ ڕاپۆرتێك بۆ پەرلەمان دەنێرن.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" دەستەی دەستپاكی ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو تەنیا ژمارەی كەیسەكان بڵاو ناكاتەوە، بەڵكو ناوی تۆمەتبارانی گەندەڵیش بڵاو دەكرێتەوە.

پێشتر د.ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی "وشە" ئاشكرای كردبوو كە 200 كەیسی گەندەڵی لە دەستەكەدا هەن و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.

دەستەی دەستپاكی بەپێی یاسایی ژمارە سێ‌ لە ساڵی 2014 لە پەرلەمانی كوردستان دامەزراوە و ئەركی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بڵاو كردنەوەی هۆشیاری و شەفافییەتە.






وشە - تایبه‌ت