وڵاتی ژاپۆن ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، ده‌خوازێ مووشه‌كی مامناوه‌ند په‌یدا بكات كه ده‌توانێ بگاته كۆریای باكور، وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ خۆپاراستن له هه‌وڵه‌كانی ئه‌و وڵاته.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی، ئیتسۆنۆری ئۆنۆدیرا وه‌زیری به‌رگریی ژاپۆن ڕای گه‌یاند، پێویسته مووشه‌كی ناوه‌ندمه‌ودا په‌یدا بكه‌ین، تا بتوانین به‌رپه‌رچی هه‌ر هێرشێكی ئه‌و وڵاته سۆسیالیسته داخراوه بده‌ینه‌وه و نه‌یه‌ڵین جارێكی تر له نزیك ژاپۆن هیچ مووشه‌كێك تاقی بكه‌نه‌وه.
ئه‌گه‌رچی وه‌زیری به‌رگریی ژاپۆن به ئاشكرا ناوی كۆریای باكوری نه‌هێنا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه ته‌نیا پێویستیان به مووشه‌كی مامناوه‌نده، ئه‌و جۆره مووشه‌كانه‌ش تا كۆریای باكور ده‌گه‌ن.
وڵاتی ژاپۆن كه له دوای شكستی جه‌نگی دووه‌می جیهانگره‌وه‌وه بڕیاری داوه هیچ جۆره چه‌كێكی مامناوه‌ند و قورسی نه‌بێ و به ته‌واوی ڕوو له هه‌موو ڕێگه‌یه‌كی ئاشتیانه بكات، ئه‌م هه‌نگاوه تووشی ڕه‌خنه‌ی توندی ناوخۆیی ده‌كاته‌وه.
ئیتسۆنۆری ئۆنۆدیرا ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێ مووشه‌كی "JSM" به‌ده‌ست بهێنن و ده‌یخه‌نه سه‌ر پشتی كه‌شتیی F35ِA و وه‌ك دژه مووشه‌ك به‌كاری ده‌هێنن. ئه‌م جۆره مووشه‌كه له توانایدایه له دووریی هه‌زار كیلۆ مه‌تر، ئامانج بپێكێ.
توانای به‌رگریی ژاپۆنه تا ئێسته له دژه فڕۆكه و چه‌ند كه‌شتییه‌ك تێپه‌ڕ ناكات.