میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، لە ناوچە کوردستانییەکان، چەندان پێشێلکارییان ئەنجام داوە و رێگەش به تیمهكانی نهتهوه یهكگرتووهكان نادهن سەردانی ئەو ناوچانە بکەن.
دوای خیانهتهكهی 16ی ئۆکتۆبەر، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان لە مووسڵ، کەرکووک، دوزخورماتوو و ناوچەکانی سنووری دیالە، چەندان پێشێلکاریی مافی مرۆڤپیان ئەنجام داوە و لەسنوری مەخمووریش بە ھەمان شێوەی ناوچەکانی تر، فەرمانگە حکوومیەکان و بەشێک لە ماڵی خەڵکیان تاڵان كردووه، و لە دوزخورماتووش رێگریان لە تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، سەردانی ئەو ناوچانە بکات کە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی پێشێلکاریان ئەنجام داوە.
عەقید کاوە مەلا پەروێز بەڕێوبەری ئاسایشی دوزخورماتوو بە "وشە"ی راگەیاند، ئێمە ھەموو پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی دژی کورد لە دوزخورماتوو ئەنجامی داوە، لە سووتاندن، تەقاندنەوە، تاڵانکردنی خانووی کورد، کوشتن، رفاندن، بریندارکردن، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی، ھەموویمان داوەتە نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ئەوەی لە راپۆرتی خۆیاندا ئەو پێشێلکارییانە تۆمار بکەن و باسی بکەن.
بەرێوبەری ئاسایشی دوزخورماتوو ئهوهشی گوت، تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی دوزخورماتوویان کردووە، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ راپۆرتی ئێمە بکەن و بە بەڵگە پێشێلکارییەکان تۆمار بکەن، بەڵام کە چوونەتە ناو شار، بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی دوزخورماتوو کە سەر بە میلیشیاكانی حەشدن، رێگەیان نەداوە ئەو تیمە سەردانی ئەو شوێنانە بکەن و بردوویانە بۆ ھەندێک شوێنی ئارام و پێیان گوتون شار ئارامە و ھیچ کێشەیەک لەئارادا نییە، ئەوانیش بەناچاری گەڕاونەتەوە.
مەلا پەروێز ڕوونیشی کردەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەرایەتیی ھەموو وڵات وگەلانی جیھان دەکەن ورێگریکردن لە تیمی ئەوان لەلایەن حەشدی شەعبی واتا رێگریکردن لە ھەموو وڵاتان بووە، بۆیە ئەمە لە راپۆرتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کاریگەریی دەبێت و پێویستە ئاماژەی پێ بکەن، چونکە ئامارەکە لای ئەوان ھەیە.
لای خۆشیەوە، رزگار مستەفا قایمقامی قەزای مەخموور بە "وشە"ی راگەیاند: تا ئێسته ھێزە عێراقییەکان و له سهروویانهوه میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە ناو مەخموورن و تەنانەت لەناو گەڕەک و ماڵەکانیش ھەن، تهنیا حەشد سێ بارەگای ھەیە.
لەبارەی ئەنجامدانی پێشێلکاری لەو قەزایە، قایمقامی مەخموور گوتی، ھەموو بارەگا حکوومییەکان تاڵان کراون و بەشێک لە ماڵی خەڵکی داگیر کراون و تاڵانکراون و چەندان دزی لە ماڵان کراون، بۆیە تا ئێسته چەندان پێشێلکاری ئەنجام دراون.
رزگار مستەفا باسی لەوە کرد، ھیچ باسێک نییە بۆ ئەوەی میلیشیای حەشدی شەعبی لەو شارە بکشێنەوە، بەڵام ھێزکی پۆلیسی فیدراڵی ھاتوونە بۆ مەخموور و لەوێ جێگیر دەکرێن.
ههروهها گوتی، تا ئێسته رێگە نییە ئێمە بگەڕێینەوە بۆ مەخموور و رێگهکە داخراوە و ئێمەش لە دیبەگە کاروباری خۆمان رایی دەکەین، تا رێگهش نەبێت، لەو شوێنە دەبین و ناگەڕێینەوە و ئێسته ھیچ باسێک بۆ گەڕانەوەمان نییە.
قایمقامی مەخموور ئەوەشی ئاشکرا کرد، تەنیا نیوهی ئاوارەکانی مەخموور گەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوانەی تر ھێشتا نەگەڕاونەتەوە.
وشه/ بڵند ئیبراھیم