حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێمى كوردستان له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ "وشه" ڕاى گه‌یاند، له ڕۆژى جیهانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، ژماره‌یه‌ك داتا و زانیاریى ناو كه‌یسه‌كان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و ئاشكراى كرد، زیاتر له 200 كه‌یسى گه‌نده‌ڵییان له به‌رده‌سته و ڕۆژانه‌یش داواى هه‌واڵده‌رى ڕوو له زیادبوون ده‌كه‌ن.
ئه‌نوه‌ر پێى وایه، ده‌بێت دادگایه‌كى تایبه‌تمه‌ند هه‌بێ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى.
* دواى ئه‌و ڕووداوانه‌ى به‌سه‌ر كوردستاندا هات، ئێسته قسه هه‌یه حكوومه‌تى عێراق ده‌ست به ئه‌نجامدانى هه‌ندێك چاكسازى ده‌كات، هیچ هاوئاهه‌نگى هه‌یه له‌گه‌ڵ ئێوه؟
حكوومه‌تى عێراق له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌ست به چاكسازى و لێكۆڵینه‌وه له گه‌نده‌ڵى ده‌كات، هیچى له ئێمه داوا نه‌كردووه، له ڕابردوو هه‌ندێك هاوكاری مه‌یدانیمان هه‌بوو، پێشتر له‌سه‌ر بوونی گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر چه‌ند ده‌زگه‌یه‌كی حكوومه‌تى عێراق كه له كوردستانیش كار ده‌كه‌ن وه‌ك كۆچ و كۆچبه‌ران و كۆمسیۆن داواى زانیاری‌یان كردبوو، ئێمه پێمان باشه هاوئاهه‌نگى هه‌بێت له نێوانماندا له‌گه‌ڵ به‌غدا، بۆ ئه‌وه‌یش پێشنیازی پڕۆتۆكۆلی هاوكاریی نێوان هه‌ردوولا كرابوو، به‌ڵام به‌هۆی ڕووداوه‌كانی دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ر ئه‌و پرسه دوا كه‌وت.
* له ڕابردوودا لیژنه‌ى چاكسازیى هه‌رێمى كوردستان ڕ‌اپۆرتێكى زانیارى له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى بڵاو كرده‌وه، كارى ئه‌و لیژنه‌یه چى به‌سه‌رهات به تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم كه سه‌رپه‌رشتى لیژنه‌كه‌ى ده‌كرد، دابه‌ش كرا به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانى تردا؟
لیژنه‌كه كاره‌كانى به‌رده‌وامه، له ماوه‌ى ساڵى ڕابردوودا ئه‌و لیژنه‌یه‌ى چهكسازى هه‌ندێك هه‌نگاوى نا، به‌ڵام ئێمه پێمان وایه كارى لیژنه‌كه كاتییه و تایبه‌ت ده‌كرێت به چه‌ند كه‌یسێك، بۆیه ئێسته كارى سه‌ره‌كى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى و دامه‌زراوه‌كانى تر ده‌كرێت، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى پێویستى به هه‌نگاوى نیشتمانى هه‌یه، ئیراده‌یه‌كى به‌هێزى پێویسته تا هه‌نگاوى گه‌وره‌تر له‌وه‌ى ئێسته بنرێت.
* باسى هه‌وڵى نیشتمانیت كرد، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى هیچ هه‌وڵێكى ستراتیجیى نیشتمانى هه‌یه؟
به‌ڵێ، سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌بێ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى به نیشتمانى بكرێت، له هه‌وڵداین بۆ ئه‌وه‌ى هه‌نگاوێكى له‌م شێوه‌یه بنێین، نیازى دروستكردنى لیژنه‌ى باڵاى نیشتمانیمان بۆ جێبه‌جێكردنی ستراتیجیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی له كوردستان هه‌یه، ده‌بێ بۆ دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی هه‌وڵه‌كان سه‌رانسه‌ری بێت، په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و میدیا و رێكخراوه‌كان له هه‌موو سێكته‌ره‌كان كار بكه‌ین، ده‌بێ كارێك بكه‌ین ڕێژه‌ى گه‌نده‌ڵى كه‌م بكه‌ینه‌وه.
* ئێسته گرنگه خه‌ڵك بزانێت ژماره‌ى كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى چه‌ندن و چ سێكته‌رێك ده‌گرێته‌وه؟
له ڕۆژى جیهانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى كه ده‌كاته نۆى ئه‌م مانگه كانوونی یه‌كه‌م/دیسه‌مبه‌ر، ژماره‌یه‌ك داتا و زانیاریى ناو كه‌یسه‌كان بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه، ئێسته ناتوانم هه‌ندێك ورده‌كارى هه‌یه بیخه‌مه ڕوو، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى زیاتر له 200 كه‌یسی جهزاییمان له هه‌رێمى كوردستان له به‌رده‌سته، ئه‌و كه‌یسانه‌ش سه‌رجه‌م ئه‌وانه ده‌گرێته‌وه كه پێوه‌ندییان به كه‌رتی گشتییه‌وه هه‌یه.
*ڕوونتر ده‌توانى پێم بڵێى كه‌یسه‌كان زیاتر چین و بۆچى ژماره‌یه‌كى كه‌م كه‌یس حوكمى ده‌رچووه؟
بێگومان به‌شى زۆرى كه‌یسه‌كان پێوه‌ندى به سامانه سروشتییه‌كان، ته‌ندروستى، شاره‌وانییه‌كان، په‌روه‌رده، پێشمه‌رگه، به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی، دزینی پاره و به‌رتیل و له‌و جۆره سێكتهرانهیه، ده‌مه‌وێت بڵێم له چه‌ند ساڵى ڕابردوودا زیاده‌ڕۆیى بۆ سه‌ر موڵكى گشتى زیادى كردووه، كه‌مى یه‌كلابوونه‌وه‌ى ئه‌و كه‌یسانه و حوكم ده‌رچوونیان پێوه‌ندى به چه‌ند شتێكه‌وه هه‌یه كه یه‌كێك له‌وانه دادگاكانن، به جۆرێك خۆیان ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌یسیان له لایه جگه له كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی و فریا ناكه‌ون، بۆیه چه‌ند جارێك داواى دادگایه‌كی تایبه‌تمه‌ندمان بۆ بینینی كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی كردووه و ئه‌گه‌ر ئه‌وه دابمه‌زرێت، 100% كه‌یسه‌كان زووتر یه‌كلا ده‌بنه‌وه.
* زۆرترین پرسیار كه ئاراسته‌ى ئێوه ده‌كرێ، له‌سه‌ر بابه‌تى سێكته‌رى نه‌وت چیتان كردووه؟
سێكته‌رى نه‌وت تا ئێسته به دامه‌زراوه‌یی نه‌كراوه و سه‌رجه‌مى پرۆسه‌كه له ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سندووقی داهاته نه‌وتییه‌كان دابمه‌زرایه باشتر ده‌بوو، هه‌ندێك كه‌یسى تایبه‌ت به نه‌وت له ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى لێكۆڵینه‌وه‌ى تێدا كراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگ بێت بابه‌تى گرێبه‌سته‌كانى نه‌وته كه كارى په‌رله‌مانی كوردستان و لیژنهكانیهتى چاودێریی بكه‌ن.
*له ڕابردوودا ژماره‌یه‌ك به‌رپرس گیران و قسه له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌یه لێكۆڵینه‌وه له كه‌یسه‌كاندا به‌رده‌وام بن؟
به‌ڵێ، لێكۆڵینه‌وه له كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵام له ئه‌نجامدا دادگا كه‌یسه‌كان یه‌كلا ده‌كاته‌وه، ڕۆژانه داوا هه‌واڵده‌ریی و سزاییه‌كان زیاد ده‌كه‌ن كه هێمایه بۆ ئه‌وه‌ى كاركردن له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى به‌رده‌وامه و توانیومانه وه‌ك ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى متمانه لاى خه‌ڵك دروست بكه‌ین.