میلیشیاكان ڤیدیۆیەك پێشكەشی ناپاكەكان دەكەن

:: AM:11:46:09/12/2017 ‌
لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی ڤیدیۆی شەهیدكردنی پێشمەرگەیەكی كوردستان لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك بڵاو بووەتەوە و هەمووانی هێناوەتە دەنگ و ناڕەزایی زۆری لێ كەوتووەتەوە، چونكە میلیشیاكان بە دڕاندنەترین شێوە پێشمەرگەكە شەهید دەكەن و لە بەشێك لە پەیجەكانیش ئاماژە بەوە كراوە، میلیشیاكان ئەو ڤیدیۆیە پێشكەشی ئەو گرووپە ناپاكە دەكەن كە ناپاكی 16ی ئۆكتۆبەریان ئەنجام دا و كەركووك و خورماتوویان ڕادەستی میلیشیاكان كرد.

ڤیدیۆكە پێشمەرگەیەكی دیل دەردەكەوێ كە لە ناو مینی پاسێكی بچووك دەست و چاوی بەستراوەتەوە و چەكدارانی حەشدی شەعبی سەرەتا بە بۆكس و دەست لە ناو مینی پاسەكە ئەشكەنجەی دەدەن و دواتر دەیخەنە سەر زەوی و بە قاچ لە دەموچاوی دەدەن تا خوێن لە ڕووخساری دێ و بە هەموو شێوازێك قورسترین ئەشكەنجەی دەدەن.

گرووپێكی چەكدارانی حەشدی شەعبی هەریەكەیان بە نۆرە لە پێشمەرگە دیلەكە دەدەن و شێوازی جۆراوجۆری ئەشكەنجەدانی قورس بەرانبەری بەكار دەهێنن، لە كۆتادا لە مینی پاسەكە دووری دەخەنەوە و دەیان فیشەكی ئاراستەی دەكەن و شەهیدی دەكەن، جیا لەوەیش دەیان جنێو و قسەی ناشیرین بەو شەهیدە و كورد دەڵێن.

بەشێك لە پەیجەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی ڤیدیۆكەیان بڵاو كردووەتەوە و لەگەڵیدا نووسیویانە، پێشكەش بێ بە ناپاكەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و پیرۆزیان بێ، ناڕەزایی لە نەبوونی یاسا و دادگاش لەو وڵاتە دەكەن و دەڵێن، بە بەرچاوی خەڵك و بە ڕۆژی ڕووناك ناپاكی كراوە و كورد دەكوژرێ و سووكایەتی پێ دەكرێ.







وشە - باز ئه‌حمه‌د