لە پرسی مووشەكی بالیستی ئێران گوێ لە داواكاری نێودەوڵەتی ناگرێت

:: PM:04:19:09/12/2017 ‌

لە ماوەی رابردوودا جگە لە ئەمەریكا كۆمەڵێك وڵاتی تر داوایان لە ئێران كردووە واز لە بەرنامە مووشەكییەكەی بهێنێت، بەڵام ئێران نەك وازی نەهێناوە، بەڵكو دەیەوێت كار لەسەر درێژكردنەوەی توانای بڕینی مووشەكەكان بكات.

ئەحمەد خاتەمی پێشنوێژخوێنی نوێژی هەینی تاران لە نوێترین لێدوانیدا گوتی، ئێران دەیەوێت توانای بڕیبنی مووشەكەكان ئەوەندە درێژ بكاتەوە تا ئەوانەی لە كۆشكی سپی دانیشتوون بە ئاسوودەیی هیچ كات خەویان لێ نەكەوێت. فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لەم دواییانە گوتبووی مووشەكەكانی ئێران بەگوێرەی سیاسەتەكانی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، دەبێت تواناكانیان تا دوو هەزار كیلۆمەتر بەرز بكرێنەوە.

ئەو ئاماژەی بە بەرنامەی مووشەكی ئێران كرد و گوتی، وڵاتانی عەرەبی بەم هەنگاوەی ئێران هەستیارن و دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكاش ئەم هەنگاوەی بە دژی رێككەوتنی ناوكیی هەژمار كردووە.

ئەحمەد خاتەمی گوتی، ئێمە مووشەكمان هەیە و مووشەكیش دروست دەكەین و تا ئەو شوێنەی حەزمان لێی بێت، ئەوا توانای بڕینیان پەرە پێ دەدەین.

بەگوێرەی "دۆیچەوێلێ" پێشتر جەعفەری فەرماندەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە كردبوو كە رێبەری ئێران دوو هەزار كیلۆمەتری دیاری كردووە و ئەو مەودایەش دەتوانێت بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بپێكێت.

ئێران كە بەڵێنی دابوو واز لە چالاكیی ناوكیی بهێنێت و لە مووشەكی بالیستیكیش دوور بكەوێتەوە، دەركەوتووە لە چالاكییەكانی خۆی بەردەوام بووە.

وێڕای ئەمەریكا پێشتر وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا ئاشكرای كرد كە بەرنامەی مووشەكیی ئێران سەرچاوەی ناسەقامگیرییە لە ناوچەكە، بۆیە پێداگری لەوە كرد پاریس خوازیاری ئەوەیە بە راشكاوی ئەو پرسە چارەسەر بكرێت.

بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە رێككەوتنی ناوكیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەكی پەسند كرد، داوای لە ئێران كردووە لە پەرەپێدانی مووشەكی بالیستیكی دوور بكەوێتەوە كە توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ناوكیی هەیە.

پێشتر فڕەنسا خوازیاری ئەوە بوو جیا لە رێككەوتنی ناوكیی دانوستانێكی جیاواز لەبارەی بەرنامەی مووشەكیی ئێران بكات، بەڵام فدریكا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا گوتی، پێویست ناكات بە دەستپێكردنەوەی دانوستانی نوێ، رێككەوتنی ناوكیی بكەوێتە ژێر پرسیارەوە.

لە لایەكی ترەوە بەهرام قاسمی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیاكانی راگەیاند كە ئێران لەبارەی بەرنامە مووشەكییەكەی لەگەڵ هیچ وڵاتێكدا دانوستان ناكات. ئەو دەڵێت "پێشتر چەندان جار ئەو بۆچوونەی خۆمان بە بەرپرسانی فڕەنسا گەیاندووە، رێككەوتنی ناوكیی چیتر دانوستان هەڵناگرێت و رێ نادرێت هیچ شتێكی تر بە رێككەوتنەكەوە زیاد بكرێت."

هەموو كێشەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێران رێككەوتنی ناوكیی جێبەجێ نەكردووە. لە تەمووزی ٢٠١٥ دوای 20 مانگ لە دانوستانی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك دواجار رێككەوتنی كۆتایان لەبارەی پرسی ناوكیی ئێران واژوو كرد.

 بەگوێرەی رێكەوتنەكە سەرجەم بڕی ئورانیۆمی پیتێنراوی ئێران كە مادەیەكی سەرەكییە بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ناوكیی، لە ماوەی 15 ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 98% كەم دەكرێتەوە و تەنیا 300 كیلۆگرامی لێ دەمێنێتەوە و لەو ماوەیەشدا ئێران بۆی هەیە لە ئاستی 3.67% یۆرانیۆم بپیتێنێت.

هاوكات لە سەرجەم دامەزراوە ناوكییەكانی ئێران رێوشوێنی جیاواز دەگیرێتە بەر و كۆمەڵێك مەرج بەسەر ئەو دامەزراوانەدا دەسەپێنرێت تا ساڵی ٢٠٢٣. هەروەها تا ساڵی ٢٠٣٠ ئێران بۆی نییە لە وێستگەی "فردو" یۆرانیۆم بپیتێنێت. ئەو وێستگەیە دەكرێت بە ناوەندێكی توێژینەوە كە لە ناو دڵی چیایەكدا بنیات نراوە و ئەو هەزار و 44 سانتریفوژەی كە لەو وێستگەیە دانراون بە مەبەستی بواری دەرمانی، پیشەسازی و زانستی سوودیان لێ وەردەگیرێت.

لە وێستگەی ئەراك كە لە جۆری ئاوی قورسە و لە پلۆتۆنیۆمی بەرهەمهێنراوی وێستگەكە مەترسی ئەوە هەبوو چەك دروست بكرێت. رۆژئاوایییەكان لە سەرەتای دانوستانەكان هەوڵیان دا ئەو وێستگەیە بە تەواوی دابخەن، بەڵام ئێران رازی نەبوو. بە پێی رێككەوتنەكە ئەو وێستگەیە بە هاوكاری وڵاتانی رۆژئاوا بە شێوەیەك نۆژەن دەكرێتەوە كە توانای بەرهەمهێنانی چەكی ناوكیی نەبێت و ئەو سووتەمەنییەی تێدا بەكار دەهێنرێت بۆ دەرەوەی وڵات دەگوازرێتەوە. هاوكات ئێران تا 15 ساڵی تر بۆی نییە هیچ جۆرە راكتۆرێكی ئاوی قورس بنیات بنێت.

گەمارۆ ئابوورییەكان كە لە ٢٠١٢ەوە تا ٢٠١٥ زیاتر لە 160 ملیار دۆلار زیانی بە ئێران گەیاند، لەسەر ئێران لادران و ئێران لەو كاتەوە بێ بەربەست نەوتەكەی هەناردە دەكات، هاوكات ئێران دەستی بە 100 ملیار دۆلار گەیشت لەو پارانەی كە لە بانكەكانی دنیا دەستی بەسەردا گیرابوو.

ئێران قبووڵی كرد گەمارۆ و سزاكان تا ساڵی ٢٠٢٠ لەسەری پێڕەو بكرێت و ئەگەر ئێران بیسەملێنێت كە داواكارییەكانی ئاژانسی جێبەجێ كردووە، لەوانەیە زووتر گەمارۆكان لەسەری لابچێت.

هاوكات بڕیار درابوو گەمارۆكانی ئێران بۆ سەر مووشەكی بالیستیك تا هەشت  ساڵی تر بەردەوام دەبن.

وردەكاریی رێككەوتنەكە دەیسەلمێنێت كە ئێران رێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكردووە و بە ئاشكرا پەرەی بە مووشەكی بالیستیك داوە. بۆیە هەموو هەوڵێكی ئەمەریكا ئەوەیە پێش بە سەرەڕۆیییەكانی ئێران بگرێت.

هەڵویستی وڵاتان دژی ئێران دوای ئەوە زیاتر توند بووە كە ئێران بەوە تۆمەتبار دەكرێت مووشەكی بالیستیكی بە حووسییەكانی یەمەن دابێت لە دژی سعوودیە بەكاری بهێنێت. تۆمەتێك كە ئێران رەتی دەكاتەوە، بەڵام كەس باوەڕ بە ئێران ناكات چونكە تاكە هێز بووە پشتی حووسییەكانی گرتووە و تەنیا ئێرانیش دەتوانێت ئەو جۆرە چەكەیان بۆ دابین بكات.




وشە - سلێمان تاشان