یەکەم: ژیانی میرزا غەفووری شاعیر

:: PM:06:29:09/12/2017 ‌
میرزا غەفوور کوڕی حاجی عومەری حاجی عەباسە، لە بنەچەدا خەڵکی گوندی "نۆڕەباب"ن، حاجی عەباس لە قەلاچوالانەوە ڕووی لە شاری سلێمانی کردووە. شاعیر ساڵی ١٢٨٧ی کۆچی بەرانبەر ساڵی ١٨٧٠ی زاینی لە گەڕەکی سەرشەقامی سلێمانی لەدایک بووە. دایکی میرزا غەفوور ناوی ئامینە بووە، میرزا تا لە ژیاندا بووە، دوو ژنی هێناوە، یەکەمیان ناوی فاتیمەی کچی زۆرابی ئاغا بووە، لە بابانەکانە. لە خاتوو فاتیمە دوو کوڕ و دوو کچی بووە (میرزا کەریم، حاجی حەمەغەریب، ڕەعنا، ڕەحمە.) ژنی دووەمی ناوی خاتوو زارا حوسێنە، خەڵکی ناوچەی پشدەرە و سەر بە عەشیرەتی مەنگووڕە. فاتیمە خانمی ژنی میرزا غەفوور پووری ساڵحە فەنی کاک ئەوڕەحمانی قەفتانە.

نووسەری دڵسۆز و بەناوبانگ (نەجمەدین مەلا کوڕی مەلا غەفوور مەلا عەلی) خوشکەزای شاعیرە، ئەخۆل و کامەران موکری و محەمەد عەلی مەدهۆش و مەلا ئەسعەدی مەلا مووسا حەزمی نزیکانی میرزا غەفوورن.

ناسناوی شاعیر (غەفوور، خاڵە، میرزا)ی پێ گوتراوە، هەمووی لە شیعرەکانیدا دەردەکەون، هەندێ جار (خاڵە میرزا) و (میرزا غەفوور)ی بەژار هێناوە. میرزاغەفوور لەگەڵ پیرەمێردی شاعیر و حاجی سەعید ئاغا لەلای خواجە فەندی قورئانی پیرۆزیان خوێندووە، بەڵام بەهۆی باری نائاسایییەوە، نەیتوانیوە تا سەر خوێندن تەواو بکات، لەگەڵ ئەوەشدا بەباشی زمانەکانی فارسی و تورکی و عەرەبی زانیوە.

لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا لە ئاڵای "حەمیدییە" بە پلەی "باشچاوەش" وەرگیراوە. لە ژووری قەڵەمی سەربازیدا سەرنووسەر بووە، بۆ ماوەی حەوت ساڵ سەربازیشی لە توورکیا بەسەر بردووە، دوای بەرپابوونی شەڕی دووەمی جیهانی، بە خێزانەوە ڕوو لە پشدەر دەکا و ماوەیەک لە "مەرگە" کاتبی مودیر ماڵ دەبێ، دوای ئەوە بەیەکجاری دەست لە کاری میری دەکشێنێتەوە، خۆی بە بازرگانی "کڕین و فرۆشتنی" تووتنەوە خەریک دەکات. وەک زۆربەی سەرچاوە ئەدەبییەکان باسی دەکەن.

وەک زۆربەی سەرچاوە ئەدەبییەکان باسی دەکەن، دوا تەمەنی ژیانی بە نەخۆشی و دەردی سەری بەڕێوە بردووە، تا ڕۆژی پێنجشەم سێی ئاداری ساڵی ١٩٣٨ی زاینی و یەکی محەڕەمی ساڵی ١٣٥٧ی کۆچی ماڵئاوایی یەکجارەکی لە ژیان کردووە. 

سەبارەت بە ژیانی شاعیر زۆر سەرچاوەی گشتی و کەسی ئەدەبیی لێی دواون و زۆربەیان لە ناوەرۆکدا تەک دەگرنەوە. لە بیرەوەرییەکانی حاجی حەمەغەریبی کوڕی بچووکی شاعیردا، هێندێ زانیاری باس کردووە، پوختەکەی دەنووسێت: (باوکم لە سەرەتاوە لە حوجرەی "خواجە ئەفەندی" لە سلێمانی خوێندوویەتی و گەیشتووەتە، سرەی سەربازی کردن، لە سوپای عوسمانی بووەتە سەرباز و ڕەوانەی بەغدا کراوە. لە لای موشیر پاشا ڕەجەب گیرساوەتەوە، یەکێ بووە لە دەربارە نزیکەکانی ئەو. ئەوەیش بەهۆی زیرەکی وریاییەوە چووە بە دڵیدا.

پاش کۆتایی هاتنی ئەو سەربازییەی بۆ شاری سلێمانی گەڕاوەتەوە. لەگەڵ باوکیدا واتە حاجی عومەری باپیرم، بە کار و بازرگانی تووتنەوە خەریک بوون. تا هەڵگیرسانی شەڕی یەکەمی جیهانی، (سەفەر بەر) کە ئەوسا کراوەتە (نەفیری عام) ڕەشبگیری سەربازی واتە ڕەدیف گرتن، بەناوی (جیهاد – غەزا)وە باوکیشم کراوەتە سەرباز و نێردراوە بۆ قۆڵی ئێران بووەتە یەکێ لە دەربارەکانی ئەرکان، کە سەرفەرماندەیەکی مەزن و ناوداری عوسمانی بووە، بە سەرۆکایەتی ئەو سەرفەرماندەیە، باوکم بەشداری شەڕی دژی ڕووسەکانی کردووە، لە سەربازیدا لای ئەرکان ماوەتەوە. هەتا ڕووخانی خەلافەتی عوسمانی، پاشان بۆ شاری سلێمانی گەڕاوەتەوە.

باوکم هەر لە سەرەتای ژیانییەوە پێوەندی لەگەڵ ماڵە شێخەکانی سلێمانیدا هەبووە، بە تایبەت لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفیددا. بەر لە پاشایەتییەکەی شێخ و سەردەمی پاشایەتییەکەیشی هەر دۆستی بووە. تەنانەت کاتی گەڕانەوەی شێخ لە "دیلێتی" ئینگلیزەکان، لە "هیندستان" شێخ ئەسپێکی ڕەسەنی پێشکەش بە باوکم کردووە. لە پاش ڕووخانی فەرمان ڕەوایی شێخ مەحموود، ئینگلیزەکان دەستیان بەسەر کوردستانی عێراقدا گرت. بەهۆی ئەوەی باوکم هەر لە زووەوە شارەزای کاروبار و هەڵوێستی پشدەر بوو، چونکە بازرگانی بەرفراوانی تووتنی تێدا کردووە، تێکەڵی و ناسیاوی و نزیکی لەگەڵ کەسانی ناوچەکەدا هەبووە، بەتایبەت ئاغا و خاوەن زەویوزار و کشتیارە مەزنەکانیان.

چونکە زیرەکی و وریایی باوکم بەناوبانگ بووە، لە زمانەکانی (کوردی عارەبی تورکی فارسی) زۆر شارەزا بووە، بە نووسین و خوێندنەوە و ئاخاوتن، بەتایبەت لە ڕووی ئەدەبییەوە، بۆیە باوکمیان هەڵبژارد و کردیانە (کاتبی ناحیە)ی هەرێمی مەرگە لە پشدەر، کە ئەو ساتە پیرۆت بەڕێوەبەری ئەو ناوچەیە بووە.

سەرچاوە/ دیوانی میرزا غەفوور، عەبدوڵا ئاگرین، یەکەم چاپی ساڵی ١٩٩١ی زاینی.



وشە - ژیڤان خۆرانی