هەرچەندە ئەو ئاغایە نەخوێندەوار و نەشارەزای کاروباری میری بوو، بەڵام ئینگلیزەکان بەپیی باری ڕامیاری خێڵایەتی و دەرەبەگایەتییەکەیان ئەو ئاغایەیەیان لە ڕووی دەسەڵاتی ئاغایییەوە کردە بەڕێوەبەری ناحییەی ناوچەکە، لەبەر ئەوە هەموو کاروباری میری ناوچەکە بە دەست باوکمەوە بووە، چەند دەربارێکی ئینگلیز و کۆنە پیاوی عوسمانی لەگەڵدا بوون، کە باوکم دانووی لەگەڵ ئەو پیاوە "چەکمە ڕەق"انەدا نەکوڵاوە.
زۆرجار لەسەر کاروبار بەڕێوەبردن ئینگلیزەکان باوکمیان تەنگاو کردووە، چونکە باوکم ئەوەندە لایەنی کەسایەتی و بەرژەوەندی ناوچەکەی گرتووە، ئەوەندە بە تەنگ بەرژەوەندی ئینگلیزەکانەوە نەبووە. لەسەر ئەوە باوکم هەمیشە ئاوقای ڕامیاری داگیرکارانەی ئینگلیزەکان بوو. بۆیە باوکم مەرگەی پێ خۆش نەبووە و تەنانەت (تەرفیع)یشی دوا خراوە.
بەو بۆنەیەی باوکم دۆستایەتی دێرینی لەگەڵ "بابەکری ئاغای سەلیم ئاغا"ی سەرکۆماری پشدەر هەبووە، پاش هاتنی ئینگلیزەکان (بابەکر) بوو بە حاکمی موتڵەقی ئینگلیزەکان لەم هەرێمەدا، لە قەڵادزەدا وەک قائیمقام کارگوزاری کردووە. باوکیشم بەم هۆیەوە دەتوانێ کارەکەی لە مەرگەوە بۆ قەڵادزێ بگوازێتەوە، لەو سایەیە دەسەڵاتی باوکم فرەوانتر و شوێن باوەڕی (بابەکر) ئاغا و سەرنووسەری ئەو بوو، تا دوای کشانەوەی ئینگلیزەکان و جێگیربوونی پاشایەتی عێراق لە کوردستاندا، باوکم وازی لە کاروباری میری هێنا و دەستی دایەوە بازرگانییەکی پێشووی. ماڵی گواستەوە سلێمانی و تا کۆتایی ژیانی لێرە مایەوە.
ئەوە پوختەی ئەوەی لە "حاجی حەمەغەریب"ی کوڕی شاعیرەوە یاداشت کراوە، زۆربەی ئەو زانیارییانە لە سەرچاوەکاندا پشتگیری کراون، ئەوەی شایانی باسە ناوەرۆکی ئەو سەرچاوانەیش لەوە دەچێ، کە هەموو بەتێکڕایی لە نووسینەکانی نەجمەدینی مەلا وەرگیرابن. لەبەر ڕۆشنایی و پشکنینی ژیانی میرزا غەفووری شاعیردا، نەجمەدینی مەلا، کە خوشکەزای شاعیرە، لەبارەی مێژووی ژیان و مردنی میرزا غەفوورەوە، لە ژمارە ١٢٦١ی ڕۆژنامەی ژینی ڕۆژی ١٨ی هەشتی ساڵی ١٩٥٧دا، لە گۆشەی "شیعر و شیعرەکانم"دا ئاوهای نووسیوە:
(میرزا غەفوور کوڕی هۆمەر لە ساڵی ١٢٨٧ی کۆچی لە شاری سلێمانی هاتووەتە دنیاوە، بەپێی ئەو دەورە، کە لە سلێمانیدا، قوتابخانەی فەرمی نەبووە، لەگەڵ "حاجی سەعید ئاغا" و "پیرەمێردی شاعیر، پێکەوە لە قوتابخانەی خۆماڵیدا، قورئان و سەرەتای زمانی فارسییان خوێندووە، دوایی لای زاناکانی ئەو دەورە خوێندنیان بە پایان گەیاندووە.
میرزا غەفوور لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا چووەتە ئاڵای "حەمدی" لە پایەی "باشچاوەش" کراوە بە سەرنووسەر لە قەڵەمی عەسکەریدا. حەوت ساڵ لە تورکیا ماوەتەوە، دوایی هاتووەتە سلێمانی، دەستی بە بازرگانی کردووە، کە شەڕی یەکەمی جیهانی بەرپا بوو، ساڵی ١٩١٥ی زاینی لەسەر ئەرکی خۆی و بەناوی غەزا، لەگەڵ سوپای "ئیبراهیم بەتلیس"دا کەوتووەتە شەڕ و لە ساڵی ١٩١٨دا، بە خێزانەوە چووەتە پشدەر، لە قەڵادزە بە بازرگانییەوە خەریک بووە. لە ساڵی ١٩٣٦دا هاتووەتەوە سلێمانی و وەک من ئاگەدار بم لە ساڵی ١٩٣٨دا، کۆچی دوایی کردووە.)
چوارینەکانی میرزا غەفوور
جەژنە عالەم لە گوڵشەن و بــاغە
دڵی من غەرقی حەسرەت و داغە
چییە نەورۆزە؟ بەزمە زەمزەمەیە
لە هەموو لایە، شەوق و پەرداغە
ساقی سەرمەست و مەیکەشان و مەدهۆش
موتریب و ساز و نەی و قەدەح پڕ جۆش
بادەنۆشان لە بـــــــــەزم و عوشرەت دان
گۆشی گەردوون کەڕە لە نۆشـــا و نۆش
حەسرەتا یارم زەمانێکە لە مــــــــن دڵگیر بووە
حاڵییە وا دڵ، بە حەڵقەی پەرچەمی زنجیر بووە
زاهرا بۆیە بەکەم لوتفی لە حـــــــــــــاڵم حاڵییە
لازمە خادییم ببێ چــــــاکە ئەگەرچی پیر بووە
گەرچی پیرم، بەخودا خادیمی دەرگەیی پیرم
وا مەزانن کە نەمامم، بەخودا زۆر ژیرم
ئاستان بۆسی سەگی خەوسەلسەقەلەین
خاڵە میرزایە، کە دێوانەیی بێزنجیرم
خۆزگە بەو ڕۆژەی، کە تەسلیمی دەسی جەللاد دەبم
بۆ (تەناف) یا (سەربڕین) (مەنسووڕ) وار ئازاد دەبم
گەر نەنووسێ خوێنی من حەڕفی (أنالحەق) حەق نییە
ڕوخسەتی شاهم نەبێ، شاگردی بێ ئوستاد دەبم
یاڕەببی بە حەق نووری محەمەد کە ڕەسووڵە
شافیع بە هەموو ئوممەتی عوســـــــیانی قبوڵە
بیبەخشە، بە لوتف و کەرەم و ڕەحمەتی عامت
میرزا، کە زەمانێکە لە غەمدایە مەلــــــــوولە
خوداوەندا، بەحەق ئەولادی حەیدەر
بە عەشقی موئمینانی ڕۆژی مەحشەر
عەتاکەی نووری ئیمانم بــــــە ئیمان
لە ڕووم بێ، بچمە دیوانی پەیامبەر
ئیلاهی زۆر بە ئومیدی عـــــــــــەتاتم
بە لوتفی خۆت بکەی ئیمان خــــەڵاتم
غەمی دنیای دەنی ناخـــــــــۆم و نیمە
ئەگەر بۆ کوشتنم دۆست فەرمووی هاتم
سەرچاوە/ دیوانی میرزا غەفوور، عەبدوڵا ئاگرین، یەکەم چاپی ساڵی ١٩٩١ی زاینی.