داوای دەركردنی باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق دەكرێ

:: AM:11:29:10/12/2017 ‌
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە حكوومەتی عەبادی دەكات، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق دەربكرێ و تەواوی پێوەندییە دیپلۆماسییەكانیش لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بپچڕێنرێ، بەهۆی بڕیاری واشنتن بە ناساندنی قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل.

مەنسوور بەعیجی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، بێدەنگی شانشینی سعوودیە و سەركردەكانی وڵاتانی عەرەبی لە بەرانبەر بڕیاری ئەمەریكا لەبارەی گواستنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتەكەیان بۆ قودس و ناساندنی قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەوان بوونەتە بەكرێگیراوی ئەمەریكا و شایستەی ئەوە نین سەركردایەتی وڵات و گەلەكانیان بكەن.

زیاتر گوتی، ئەو هەنگاوەی ترەمپ لە كاتێكدایە هیچ سەرۆكێكی ئەمەریكا نەیوێراوە كارێكی لەو شێوەیە بكات، چونكە دڵنیا بووە لەوەی سۆزی ملیۆنان مسوڵمانان دەجووڵێنێت، ئێستەیش ئێمە وەك مسوڵمانان و وەك عەرەب هەرگیز كارێكی لەوشێوەیە قبووڵ ناكەین.

بە عێجی دەڵێ، پێویستە وڵاتانی كەنداو و عەرەبی یەك بگرن بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئیسرائیل و ڕزگاركردن قودس و نەهێشتنی داگیركاری، دەبێ واز لە كوشتنی گەلی یەمەن بهێنن و ڕوو لە ئیسرائیل بكەن، ئەو پەرلەمانتارە وڵاتانی كەنداو و سعوودیەیشی تۆمەتبار كرد بە سەرچاوەی پشتیوانی لە تیرۆر و وێرانكردنی ناوچە جیاجیاكانی عێراق.

لە بەشێكی تری قسەكانی بەعێجی داوای لە حكوومەتی عێراق كرد تەنیا بە پێدانی یاداشتی ناڕەزایی بە باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق نەوەستن، پێویستە باڵوێزی واشنتن لە بەغدا دەربكرێ و ڕەوانەی وڵاتەكەی بكرێتەوە و تەواوی پێوەندییە دیپلۆماسییەكانیش لەگەڵ ئەمەریكا بپچڕێنرێ، بۆ ئەوەی ترەمپ بزانێ كە هەنگاونان دژی وڵاتانی ئیسلامی وەڵامی قورس و یەكلاكەرەوەی دەبێ، لەو كاتەی سنووری ئیسلام و مسوڵمانان ببەزێنێ.

ڕۆژی شەشی كانوونی یەكەم/دیسێمبەر، دۆناڵد ترەمپ قودسی وەك پایتەختی هەمیشەیی ئیسرائیل ناساند و فەرمانی بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كرد باڵوێزخانەی وڵاتەكەی لە تەلئەبیب بۆ قودس بگوازێتەوە، ئەمەیش كاردانەوەی توندی وڵاتانی ئیسلامی و ئەوروپا و ئاسیای لێ كەوتووەتەوە.

سەرچاوە/مەوازین.



وشە - باز ئه‌حمه‌د